تێکۆشان
ڕۆژنامه‌ و میدیایه‌کی ئه‌له‌کترۆنیه‌.
       

یادی سەروەران

یادی سەروەران
شەهیدان

سەروەری گەل كاك خەلیل محەممەدی ناسراو بەخەلیل خۆشكەلام
نووسینی: سیامەند
جەماوەری ستەملێكراوی كوردستان بۆ كۆتایی هێنان بە ستەم و چەوسانەوەو بۆ وەدەرنانی داگیركەران و چەوسێنەران لە كوردستان، لە خەبات و تێكۆشانی دەیان ساڵەدان وهاوكات لەگەڵ خەبات و بەرخودان لە پێناو ئازادیی،دەبێ‌ بۆ دابین كردنی بژێویی و دابین كردنی پێداویستی خانەوادە، كاری سەختی جوتیاری،ئاژەڵداری،كار لە كورەخانەكانی شارەكانی دەرەوەی كوردستان و كۆڵبەریی بكەن.
بەڵێ‌ ڕۆڵەكانی كورد, كچان و كوڕان بەبێ‌ جیاوازیی،دوورن لە خۆشی دەورانی منداڵی و دەكەونە بەر كاری سەخت و دەبێ‌ ئەوانیش وەك گەورەكانی خانەوادە هەوڵ بۆ پەیداكردنی نان وداهات بدەن.
گوندی بچوكی سەرتەزێن و دوو كۆخی دراوسیی لە ناوچەی دەشتەتاڵی بانە شوێنی ژیانی چەند خانەوادەی كوردەواری یە. شوێنی لە دایك بوونی شەهید كاك خەلیل محەممەدی پێشمەرگەی دلێرو تێكۆشەری كەم وینەیە. كاك خەلیل هەر لەەسەرەتای پێی گەیشتنیەوە كەوتە بەر كاری سەختی ئاژەڵداری و جوتیاری و هیچ كات ئاسودەیی نەبینی.
ژیانی قورسی ژێردەستی و ستەم و بێدادی، بوونە هۆی ئەوە كە كاك خەلیل محەممەدی وێرای سەدان لاوی دیكە چەكی پێشمەرگەیی لە شان بكات. كاك خەلیل لە ساڵی ۱۳۵۸ی كۆچی خۆری چووە ڕیزی پێشمەرگەكانی سازمانی خەبات( دەفتەری مامۆستا شێخ عیزەدین)و لە دوای دەورەیەكی سەرەتایی پێشمەرگەیی , چەكی شەرەف و ئازادیخوزای كردە شانی و بەو پەری سەداقەت و باوەڕ بەخۆ بوون لە ڕیزی سازمانی خەبات دا تێكۆشانی دەست پێكرد.
باوەڕ بە خۆبوون و دڵسۆزی شەهید كاك خەلیل خۆشكەلام لە چەند لایەندا خۆی دەنواند كە تەنیا باسی سێ‌ تایبەتمەندی گرینگی دەكەم.
شەهید خەلیل كەسێكی قسەخۆش بوو  و بەردەوام لە ناو هەفاڵانی پێشمەرگەدا، بە گێڕانەوەی بەسەرهاتی بە كەڵك و قسەی خۆش لە كۆڕی پێشمەرگەكاندا كۆڕی پێشمەرگەكانی دۆستانەو گەرم ڕادەگرت. هەر لە بەر ئەو تایبەتمەندیە،ڕێبەری هەمیشە لە یاد، مامۆستا شێخ جەلال حوسەینی، نازناوی خۆشكەلامی بۆ دیاری كرد.دووهەم تایبەتمەندیی كاك خەلیل، سەداقەت و پاكی بوو لە حاست ماڵی شۆڕش و ماڵ و سامانی خەڵك و زۆر دروستكار بوو. تایبەتمەندیەكی دیكە كە دەری دەخست شەهید خەلیل كەسایەتێكی خاوەن ئیرادەو نەبەزە، هەوڵدانی بوو بۆ فێربوونی خۆێندن و نووسین. بە بیرم دێت لە پەڕۆ و پارچە كیفێكی بۆ كتێب و دەفتەرەكەی بە دەرزی و دەزوو دروست كردو لە كاتێكدا هیچ خوێندەواری نەبوو بە لێهاتوویی فێری خوێندن و نووسین بوو. جاری وابوو پێی یان دەووت كە لەم شاخ و كێو و لەم هەلومەرجەدا كە شوێن و مەكانی دیارمان نیە ناتوانی فێری خوێندن و نووسین بیت. بەڵام شەهید كاك خەلیل خۆشكەلام هەر وەك چۆن لە مەیدانی جەنگ و ڕوبەروبوونەوەی دژمن ئازاو چاونەترس و خاوەن ئیرادە بوو، بۆ فێر بوونی خوێندن و بەرز كردنەوەی حاستی زانیاریی تێدەكۆشاو بە خۆشیەوە سەركەوتوو بوو، وە بووە یەكێك لە كادرو پێشمەرگە نمونەكانی سازمانی خەبات. 
بەڵێ‌ شەهید كاك خەلیل بە گیانبازیی و تێكۆشانی بێ‌ ووچان و دژایەتی هەلپەرستان و خائینان دەورێكی بەرزی لە سەقامگیری ناو ڕیزەكانی سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران دا هەبوو. بێگومان لە داهاتووشدا كارو كردەوەی دروست و لێبڕاویی شەهید خەلیل خۆشكەلام، وانە دەبێ‌ بۆ نەوەی داهاتوو و تێكۆشەرانی ڕیزەكانی سازمانی خەبات.    
بەڵێ‌ بۆ گۆڕینی هەلوومەرجی ژیانی سەخت و كۆتایی هاتن بە ستەم و بێدادیی، بۆ گۆڕینی ئاسەواری چەوسانەوەی گەلێك و میللەتێك، خەباتێكی سەخت ودرێژماوە پێویستە كە خاوەنی بیرو باوەری رەسەن وپێشكەوتوانە بێ و لە هەستی پاكی بیری جەماوەر هەڵ قوڵابێ. سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران كە تێكۆشەرانی وەك كاك خەلیل خۆشكەلام لە ڕیزەكانیدا گیان بازی و فیداكاریان كردوەو بە باوەڕ بە ڕێبازیی پاكی سازمانی خەبات ڕێگریان لە چاوچنووك و دۆڵپای ناو ڕیزەكانی سازمان و نفوزیی و خائینان گرتوە یادیان بۆ هەمیشە لە دڵماندا زیندوو دەبێ‌.
لە كاتێكدا ڕژیمی دیكتاتۆری ئاخوندیی زیاتر لە چوار دەیە لە تەمەنی پڕ لە شورەیی تێپەڕاندوەو بە هەموو هێزیەوە لە بەرانبەر خەڵكی تێكۆشەری كوردستان و گەلانی دیكەی ئێران جینایەت دەخوڵقێنێ‌، ئەو ڕاستیەمان زیاتر بۆ ئاشكرا دەبێ‌ كە فیداكاریی و تێكۆشان و گیانبازیی شەهید خەلیل و تێكڕای شەهیدانی سازمانی خەبات و شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی گەلێك ڕەواترە لەو ڕادەیەی كە لە ڕابردوودا بیرمان لێی دەكرایەوە.
  لە ساڵی ۱۳۵۸ی كۆچی خۆری كە كوردستان دیسان كەوتە بەر پەلاماری توندی هێزەكانی رژێمی ئاخوندی و خەڵكی كوردستان كەوتە بەر پەلاماری پاسدارەكان و كرێگیراوەكان و خومەینی فەرمانی ناڕەوای جیهادی لە دژی جەماوەری كوردستان ڕاگەیاند،كاك خەلیل چەكی پارێزگاری لە گەل ونیشتمانی كردە شان و بە گژ داگیركەراندا چوەوەو ژیرانە بیری دەكردەوە و ئازایانە هەڵمەتی دەبرد. بە داخەوە شەهید خەلیل لە شەڕێكی قارەمانانەدا لە ڕۆژی ۱۴ی بەفرانباری ساڵی ۱۳۶۳ی كۆچی, لە پشتی گوندی كێوەرۆی ناوچەی خێڵەڕەشی بانە لەگەڵ شەهیدكاك تاهیر ساوانی بە گولـلەی دژمنانی كوردستان پێكران و شەهید بوون وئەركی خەبات وتێكۆشانیان بۆ هاوبیروباوەرەكانیان بەجێهێشت.
هەزاران سڵاو بۆ ڕۆحی پاكی شەهید كاك خەلیل خۆشكەلام و شەهیدانی ڕێبازی سازمانی خەبات و تێكڕای شەهیدانی ڕێگەی ئازدایی.

10 مانگ و 12 ڕۆژ و 12 کاتژمێر و 13 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

یادی سەروەران

یادی سەروەران

به‌سته‌ره‌ گرنگه‌کان


به‌‌‌سته‌‌‌ره‌‌‌ گرنگه‌‌‌کان lلێره‌‌‌ بنووسه

تێکۆشان


ناونیشان...



ناونیشانی
ناونیشانی
ناونیشانی
ناونیشانی