بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە خەباتمێدیا، دوای تێپەڕ بوونی مانگێک بەندکرانی هاووڵاتیەکی خەڵکی گوندی سەردۆشی مەریوان، بەناوی عادڵ پیرۆزی زیندانی سیاسی پێشوو بۆ ئیتلاعاتی ترۆریستی ئەم شارە هێشتا چارەنووسی نادیارە و هیچ زانیاریەک لەسەر دۆخی ناوبراو لەبەردەست دا نیە.
جێی باسە کە ئەم هاووڵاتیە کوردە، لە کۆتایی مانگی خەزەڵوەری ١٤٠٢ی هەتاوی، لەدوای بانگهێشتی بۆ ئیتلاعاتی ترۆریستی شاری مەریوان گیراوە و لەئێستادا ناوبراو لەدەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ خانەوەدەکەی بێ بەش کراوە.
ئەم زیندانیە سیاسییە، چەند ساڵ پێش ئێستا لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەر و بەناو ئەمنیەکانی ڕژیم گیرا و دواتر لەلایەن ناوەندی گەندەڵی بەناو دادوەری شاری مەریوان، بەتۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لەحیزبە کوردیە دژبەرەکانی ڕژیم سزای بەسەردا سەپاو لەدوای چەند مانگ بەندکران، دواتر بەشێوەیەکی کاتی و بەدانانی بارمتە ئازادکرا.
هەروەها هەتا ئێستا هیچ زانیاریەک لەهۆی گرتنی ئێستای ناوبراو لەبەردەست دا نیە.