تێکۆشان
ڕۆژنامه‌ و میدیایه‌کی ئه‌له‌کترۆنیه‌.
       

ئیعدام, سزایەکی دڕندانە و دژە مرۆڤانه

ئیعدام, سزایەکی دڕندانە و دژە مرۆڤانه
ده‌نگی خه‌باتی کوردستان

 

چوارچیوه‌ی پێکه‌وه‌ژیان و ڕێزگرتن و مامه‌ڵه‌و سازان، له‌ هه‌رکۆمه‌ڵێک دا، به‌پێی پرنسیپی دیموکراسی و ئازادی و پاراستنی ماف و ئازادیه‌کانی مرۆڤ، له‌ چوارچێوه‌ی نۆرم و ڕووتین و یاسایه‌ک دا دیاری ده‌کرێ، که‌ زۆرینه‌ ده‌نگی له‌سه‌ر ده‌ده‌ن. ئه‌و یاسایه‌ ده‌بێته‌ هه‌وێنی پێکه‌وه‌ژیان و گرانتی ماف و ئازادی و خواسته‌کانی تاکه‌کان و ئه‌رکی هه‌ر تاکێک ده‌بێ که‌ هه‌وڵی جێبه‌جێکردن و پاراستنی بنه‌ماکانی ئه‌و یاسا هاوبه‌شه‌ بدات. 

هەر بەو پێوەرە لادان و سەرپێچی لە یاساکان لێپێچینەوە و لێکۆڵینەوەی بەدواوە دەبێ و هەر بۆیە بوونی ئورگان و دامەزراوەیەک بۆ پێڕاگەیشتن بۆ ئەو بابەتە دیاری کراوە. 
دیارە هەر حکومەتێک بۆ خزمت بە گەلەکەی خۆی پێویستی بە سێ ئورگان و دامەزراوەی سەرەکی, واتە پارلمان, دەوڵەت و دەزگای قەزایی هەیە, کە بەپێی یاسای هەندێک لە وڵاتان دەزگای دادوەری و قەزایی سەربەخۆیی تەواویان هەیە و ئەوەش لەبەر کەم کردنەوەی دەستێوەردانی ده‌سه‌‌ڵاتداران و که‌مکردنه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵیه‌. 

وەک ئاماژە کرا, هەموو ئەو دامەزراوانە بۆ خزمەت کردن بە کۆمەڵگەیە و وڵاتانی پێشکەوتنخواز, هەتا بتوانن پەرە بەو بابەتە ده‌ده‌ن. بەڵام لە هەندێک ووڵات, دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتانە بە تۆتالیتە کردنی وڵاتەکەو بە پشت بەستن بە میلیشیا سەرکوتکەرەکان, نەک خزمەتی ئەو خەڵکە ناکەن, بەڵکوو دەبنە دژمنی سەرەکی نەتەوەو نیشتمان. ئه‌و ده‌سه‌ڵاتبه‌داستانه‌ ده‌بنه‌ دیکتاتۆرێکی متڵه‌ق و زاڵم به‌سه‌ر خه‌ڵکه‌وه‌ و ئه‌رکیان له‌ خزمه‌ت به‌ کۆمه‌ڵگه‌وه‌ ده‌بێته‌ زۆرداری و زوڵم و چه‌وسانه‌وه‌ و ئازاردانی خه‌ڵک و پێشێلکردنی ماف و ئازادیه‌کانیان.  یەکێک لەو  وڵاتانهی که‌ خه‌ڵکه‌که‌ی زوڵم و زۆرێکی  یه‌کجار زۆر و به‌رچاوی لەسەرە, ووڵاتی ئێرانە کە چەندین ساڵە لەلایەن دەسەڵاتەکانی پاشاتی پەهلەوی و ڕژیمی چەقبەستویی ئاخوندەکان, زوڵمێکی لە ڕادەبەریان لێ دەکرێت و وڵامی هەر ناڕەزایەتیەکیش لەو وڵاتەدا بە سەرکوت و بەندکران و ئیعدام ده‌درێتەوە.
ئیعدام, سزایەکی زۆر دڕندانەیە و لە هەر وڵاتێکی پێشکەوتوو قەدەغە کراوە و وەک سزایەکی دژە مرۆڤانە سەیر دەکرێ. له ژێر ده‌سه‌ڵاتی نه‌گریستی ئاخونده‌کان دا له‌ ئێران, لەجیاتی بەڕۆژ بوون و بیری سەردەمانە و له خزمەتی خەڵکدا بوون, ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕێژەی ئیعدام لە هەڵکشاندایە و هەر ڕۆژە ئەو دەسەڵاتە چەندین جینایەتی دڕندانە و دژە مرۆڤانە بە کوشتنی خەڵک دەخوڵقێنێت.
ئیعدام و بەتایبەت لەسێدارەدان سزایەکە کە لە هەندێک وڵاتدا بە هۆی کوشتن، دەستدرێژی سێکسی، قاچاخی  ماددە هۆشبەرەکان قەتڵ  و هتد... جێبەجێ دەبێت، بەڵام حکومەتی ئاخوندی ئێران, زۆرترین تەرکیزی لەسەر ئەو سزایە بۆ بەندکراوانی سیاسییه. دەتوانم بڵێم ڕێژەی لە سێدارە دان لە ئێران چەندین قات سەرتر لە وڵاتانی دیکەیە و هەروەها ڕۆژ بە دوای ڕۆژ زۆرتر دەبێت و حکومەتی ئەم وڵاتە لە ڕووی ژمارەوە لە دوای وڵاتی "چین" پلەی دووەمی گرتووە. هەرچەند کە حکومەتی ئێران پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە ئەو ئامارانەی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بۆ ژمارەی ئێعدامەکان لەم وڵاتەدا بڵاویان کردۆتەوە، زیادەڕەوییان تێدا کراوە.
لە ساڵی ١٤٠٢دا ژمارەی ئێعدامەکان لە ئێران گەیشتە سەرووی ٧٠٠ کەس، لانی کەم ۱۲۲ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ڕژیم کە بەهۆی ئەو جینایەتانەوە, بە ڕژیمی پەت وسێدارە ناسراوە، لە ماوەی مانگی خەزەڵوەری ۱٤۰۲ لە سێدارە دراون و  لە ٨ی گوڵانی  ساڵی ١٤٠١ دوو ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێرانی و فەرانسە دوای دەستبەکاربوونی ئیبراهیم ڕەئیسی وەک سەرۆک کۆماری داسەپاوی ڕژیمی ئێران، بە ڕێژەی ١٠٠% زیادکردنی سزای لەسێدارەدانیان لە ڕاگەیاندوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوە ۳۳۳ کەس لە ساڵی ۲۰۲۱ لە سێدارە دراون و بە بەراورد بە ساڵی پێشوو ۲۵% زیادی کردووە.
جێگری سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ٣١ی جۆزەردانی ساڵی ١٤٠١دا، لە ٥٠هەمین دانیشتنی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، زۆر حاڵەتی پێشێلکردنی مافی مرۆڤی لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە ڕاگەیاند و وتی کە ڕێژیمی ئاخوندیی ئێران لە سێ مانگی سەرەتایی ساڵی ۲۰۲۲زائینی لانیکەم ۱۰٥ کەس لە سێدارە دراون.
لە سەرەتای بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژن ژیان ئازادی، کە خەڵک بۆ داواکردنی مافەکانیان و دەربڕینی ناڕەزایی خۆیان لەو ڕژیمە  دژە مرۆڤە, ڕژانە سەر شەقامەکان، هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕێژیم، یەک بە یەک دوای گیران و لێدان  لە سێدارەیانی دەدا و کە لەوانش منداڵ، مێرمنداڵ، پیر ،لاو تێدا بوون.لە ماوەیەدا ویڕای لەسێدارەدانی چەندین بەندکراوی سیاسی و عەقیدەتی, دەسەڵات شەشەم کەس لەو کەسانەی کە لە بزوتنەوەی شۆڕشی ژینا بەند کرابوونی لەسێدارە داوە و وەک پێشتر سەلماندویەتی, ئەو دەسەڵاتە کە لە ئیستادا فشارێکی زۆری ناوخۆیی و دەرەکی لەسەره‌, لە هیچ جینایەتێک بۆ مانەوەی دەسەڵاتەکەی سڵ ناکا  و پاشەکشە لە دڕندەیە‌یی و جینایه‌ته‌‌کانی ناکات. هەرچەند کە هەستی ئازادیخۆازی له نێوان خەڵکی شۆڕشگیڕدا ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لە هەڵکشاندایەو خەڵک پێداگری ویست و داخوازیەکانی خۆیانن, بەڵام پێویستە ناوەندەکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوە مرۆڤ دۆستەکانیش ئەوەی لە توانایاندا هەیە بۆ فشار خستنە سەر ئەو دەسەڵاتە کەڵک وەرگرن و هه‌وڵ بده‌ن بۆ ڕووخان و له‌ناوچوونی نیزامی دژه‌ مرۆیی ڕژیمی نه‌گریسی ئاخوندی که‌ بۆته‌ جێگه‌ی شه‌رم و نه‌نگی بۆ هه‌ر گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌ک که‌‌ له‌ پێناو ئازادی  مافی مرۆڤ دا تێده‌کۆشێ. چونکه نەمانی ئەو ڕژیمە دەتوانێت بارێکی زۆر گەور لە کۆڵی کۆمەڵگەی جیهانی بکاتەوه.


1 ساڵ و 16 ڕۆژ و 18 کاتژمێر و 13 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

ئیعدام, سزایەکی دڕندانە و دژە مرۆڤانه

ئیعدام, سزایەکی دڕندانە و دژە مرۆڤانه

به‌سته‌ره‌ گرنگه‌کان


به‌‌‌سته‌‌‌ره‌‌‌ گرنگه‌‌‌کان lلێره‌‌‌ بنووسه

تێکۆشان


ناونیشان...



ناونیشانی
ناونیشانی
ناونیشانی
ناونیشانی