کۆمەڵەی شاهانەی کانادا ئەمساڵ ناوی براوەی میداڵی ڕەزەرفۆرد بۆ ساڵی ٢٠٢٣ ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، بەهۆی لێکۆڵینەوە دیار و بەرچاوەکانی لە بواری فیزیک, میداڵی ڕەزەرفۆرد بە پرۆفیسۆر ئیبراهیم کەریمی دەبەخشرێت.
ئەو میداڵە ساڵانە دەدرێت بەو زانایانەی خزمەتی دیار و بەرچاوی زانستییان لە بوارەکانی فیزیک و کیمیا کردووە. میداڵەكە بە ناوی ئێرنێست رەزەرفۆرد، فیزیکزانی گەورەی نیوزلەندی کراوە.
ئیبراهیم کەریمی ساڵی ١٩٧٨ لە شاری سەقزی کوردستانی ئێران لەدایک بووە. تاوەکوو قۆناغی ماستەر لە کوردستان و ئێران خوێندوویەتی. دواتر لە ئیتاڵیا درێژەی بە خوێندن داوە و دکتۆرای فیزیکی کوانتۆمی بەدەستهێناوە.