تێکۆشان
ڕۆژنامه‌ و میدیایه‌کی ئه‌له‌کترۆنیه‌.
       

قادر سەیاحی (سه‌عیدی قه‌ندی)

قادر سەیاحی (سه‌عیدی قه‌ندی)
ئاماده‌کردنی: هه‌ردی ناسری

عەبدولقادر سەیاحی کوڕی سەید محێدین سەیاحی یە و ساڵی ١٣٢٢ی هەتاوی لە شاری مەهاباد لە دایک بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوه‌ندی له‌شاری مه‌هاباد خوێندوه‌ و هه‌ر له‌وشاره‌ش دیپلۆم وه‌رده‌گرێ.

پێش دەسپێکردنی شۆڕشی گەلانی ئێران وەک سەرپەرەشتی ئۆرکێستری ئەڕتەش دادەمەزرێ و هەر لەو ماوەدا بۆ ماوەی شەش مانگ دەچێتە شاری باکۆ لە ئازەربایجان بۆ دیتنی دەورەیەکی مۆسیقی. ساڵەکانی ١٣٦٨ تا کۆتاییەکانی ١٣٧٩ لە بەشی مۆسیقای ناوەندی سەلاحەددین لە ئورومیە چالاک بووە و خەباتی هونەری کردووە.

سەیاحی ئاوازدانەرێکی بە توانا بوو و خاوەنی چەندین ئاوازی نەمرە کە هەم میلۆدیەکەکان و هەم شێعرەکانی ئەو ئاوازانە بۆخۆی خوڵقاندوونی و دایناون. له‌‌‌ ساڵی ١٣٥۱ لە رادیۆ مەهاباد بە هاوکاریی ئۆرکێستری مووزیکی ڕادیۆ مەهاباد ئه‌‌‌لبۆمێک له‌‌‌ گۆرانی و ئاوازه‌‌‌کانی  تۆمارکردوه‌‌‌. له‌‌‌وانه‌‌‌: ئامین ئامین ئامینێ، تۆی نازەنینم،  یارەکەم مریەمی ناو بوو، هەر تۆی قسەی ئیشقم، خۆشم دەوێی ئەی یاری جوان، گوڵی مەهابادی، یاری بێوەفاکەم، مەقام و غەزاڵ غەزاڵێ، پاییزی دووریت، قیبلەکەی ئیشقم جەمیلە، دوعا دەکەم شەوو ڕۆژ ئەمن، یارەکەم چاوی شینە.

هونەرمەند سەیاحی چەندان بەرهەمی هونەری لەگەڵ هونەرمەندانی تر تۆمار کردووە.  لەو بەرهەمانەدا  زیاتر وەک ژەنیاری کلارنێت و ئاوازدانەر یا وەک دابەشکاری مووزیک کاری کردووە و جێ پەنجەی دیارە. بۆ نموونە بەشێکی بەرچاو لە گۆرانیەکانی شەهید جەماڵی موفتی کاری نەمر قادری سەیاحین و لەگەڵ هونەرمەندانی تریش وەک عەزیز شاڕوخ، ئەحمەد لاوە و عەلی زەندی کاری کردووە. زیاتر لە ٥٠  ساڵ چالاکیی هونەری هەبوو.

 زۆر لە گۆرانیبێژانی کوردستان گۆرانییەکانی قادر سەیاحییان کوتۆتەوە. بەداخەوە تا ئێستا لێکۆڵینەوەیەکی ئەوتۆ لەسەر ژیان و چالاکیە هونەرییەکان و بەرهەمە بڵاوکراوەکانی هونەرمەند قادر سەیاحی نەکراوە  و هەروەها تا ئێستا کاناڵ و دەزگا ڕاگەیاندنەکانی کوردستان کەمتر ئاوڕێیان لێداوەتەوە"

دوای شۆڕشی گەلانی ئێران هونەرمەند قادر سەیاحی ماوەیەک ئەندامی  کۆڕی موسیقای سروە بووە و بە گوتنی گۆرانی و ژەنینی ئامێری کلارنێت لە شارەکانی کوردستان‌ و ئێران کۆنسێرتی گێڕاوە و چالاک بووە. هاوکات کاری ئاواز دانان و دابەشکردنی موسیقای بۆ کۆمەڵێک لە گۆرانیبێژانی کورد کردووە. هەروەها لە فیلمی بووکی هەڵەبجەدا بە گۆرانی و مۆسیقا بەشداربووە و بەشێک لە مووزیکی ئەو فیلمەی ئامادە کردووە.

ساڵی ١٣٧٨ سەردانی شاری هەولێری کردو و لە بەرنامەی راستەوخۆی تلویزیۆنی‌دا بە مووزیک و گۆرانی بەشدار بوو. شایانی باسە کە تا ئەمساڵانەی دوایەش لە باشووری کوردستان بەرهەمەکانی قادر سەیاحی هەر بە ناوی  سەعید قەندی ناسراون.
دواساڵەکانی تەمەنی بەهۆی بێ دەرەتانی و هەندێک کێشەی فیزیکی وەک گوێ گران بوون، چالاکییەکی هونەری ئەوتۆی نەبوو.

ژیانی  لە شارەکانی مەهاباد، ئورومیە و خۆیە بەسەر بردووە و هەر لە شاری "خۆی" کە دەکەوێتە باکووری پارێزگای ورمێ، شەوی یەکشەممە ٢٨ی خاکەلێوەی ١٤٠ ١ واتە ١٧ی ئاوریلی ٢٠ ٢٢ی زایینی لە تەمەنی ٧٩ ساڵیدا بە هۆی سەکتەی دڵ بۆ هەمیشە کۆچی دوایی کرد و هۆگران و ئەویندارانی خۆی خەمبار و تاسەبار کرد.
تەرمی پیرۆزی نەمر قادری سیاحی لە ناو ئاپۆرای ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەندان‌و هونەردۆستانی کورد، لە گردی شاعیرانی شاری مەهاباد تەسلیم بە خاکی پیرۆزی کوردستان کراو بە گوتنەوەی گۆرانیی "هەر ئەمنم ئەو کەسەی ژینی بۆ تۆ ماوە" وەفاو خۆشەویستییان بۆ ئەو هونەرمەندە نەمرە دووپات کردەوە.

له‌‌‌ ئاماده‌‌‌کردنی ئه‌‌‌م ڕاپرته‌‌‌دا سود له‌‌‌ سایتی کوردلاند و پێگەی هواڵنێری هاژە  وه‌‌‌رگیراوه‌‌‌. 


1 ساڵ و 10 مانگ و 14 ڕۆژ و 6 کاتژمێر و 22 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

قادر سەیاحی (سه‌عیدی قه‌ندی)

قادر سەیاحی (سه‌عیدی قه‌ندی)

به‌سته‌ره‌ گرنگه‌کان


به‌‌‌سته‌‌‌ره‌‌‌ گرنگه‌‌‌کان lلێره‌‌‌ بنووسه

تێکۆشان


ناونیشان...



ناونیشانی
ناونیشانی
ناونیشانی
ناونیشانی