ئەمڕۆ چوارشەممە ۱۰ی خەزەڵوەری ۱۴۰۲ی هەتاوی, سپای ئیسرائیل ڕایگەیاند: شەوی ڕابردوو ئۆپەراسیۆنە زەمینییەکان لە کەرتی غەززە بەردەوام بوون و هێزەکانی دەیان بنکەی حەماسیان کردوتە ئامانج. سپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەوە، نزیکەی ١١ هەزار شوێن هێرشیان کراوەتە سەر.
هەروەها زیادی کرد: بەرگریی ئاسمانی ڕێگریی لە مووشەکێکی سەرزەوی بۆ ئاسمان کرد کە لە لوبنانەوە بەرەو فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی سەربازی نێردراوە. لە بەرانبەریشدا شوێنی هەڵدانی و شانەی پشت هێرشەکە کراوەتە ئامانج.
بەپێی زانیارییەکانی سپای ئیسرائیل، ئەمڕۆ هێزە زەمینییەکان "بنکەیەکی سەربازی" ترۆریستانی حەماسیان لە ڕۆژئاوای جەبالیا لە کەرتی غەززە گرتە دەست.
بەپێی ئاماری سپای ئیسرائیل، ئەمڕۆ لە میانەی ئۆپەراسیۆنە زەمینییەکاندا نزیکەی پەنجا ترۆریست کوژراون.