تێکۆشان
ڕۆژنامه‌ و میدیایه‌کی ئه‌له‌کترۆنیه‌.
       

پەیامی کومیتەی ناوەندی بەبۆنەی ۱۰ی خەزەڵوەر, ڕۆژی پێشمەرگەی سازمانی خەبات

پەیامی کومیتەی ناوەندی بەبۆنەی ۱۰ی خەزەڵوەر, ڕۆژی پێشمەرگەی سازمانی خەبات
xebatmedia.com

هاونیشتمانیانی ئازادیخواز!
خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان!
زیندانیانی سیاسی!
پێشمەرگە قارەمانەكان, ئەندام و لایەنگرەکانی سازمانی خەبات!
ڕێبوارانی ڕێگەی ئازادی نەتەوەو نیشتمان!

بەبۆنەی ۱۰ی خەزەڵوەر, ڕۆژی پێشمەرگەی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران, گەرمترین پیرۆزباییتان پێشکەش دەکەین.
مێژووی خەبات و بەرخۆدان لە کوردستان لێوانلێوه لە سەروەری, دلێری و بوێری کەسانێک کە فیداکارانه گیان و ماڵ و سامانی خۆیان پێشکەش بە نەتەوە چەوساوەکەیان کردوەو تەنیا بۆ هێنانە دیی ئازادی و ڕزگاری هاونیشتمانیان، سات بە ساتی ژیان و خوێنیان پێشکەش کردوە و بونەتە بەشێک لە مێژووی پڕ لە سەروەری و لە دڵ و بیری خەڵکدا بە زیندوویی ماونەتەوە.
حەماسەی ۱۰ی خەزەڵوەر یەکێکە لەو ڕۆژو یادانەی کە پێشمەرگە قارەمانەكانی سازمانی خەبات حەماسەیان تیدا خوڵقاندو بۆ هەمیشە لە بیری دانیشتوانی كوردستان و خاوەن باوڕان بە ئازادی و ڕێبورانی ڕێگەی ڕزگاریی دەمێنێتەوە.

هاونیشتمانیانی تێكۆشەر!
لە پاش ڕووخانی دەسەڵاتی پاشایەتی لە ساڵی ۵۷ و دەست بەسەرداگرتنی بەرهەمی شۆڕشی گەلانی چەوساوەی ئێران لە لایەن ئاخوندە جینایەتکارەکانەوەو لە بەر چاونەگرتنی مافەكانی گەلی كورد و ڕەدكردنەوەی داوای هەیئەتی نوێنرایەتی كورد لە لایەن خومەینی و دەسەڵاتدارانی دیكەی حكومەتی ئاخوندەكان و لە ئاكامدا فەرمانی جیهادی خومەینی بۆ سەر گەلی کورد و هێرشی پاسداران بۆ سەر كوردستان، جەماوەری كوردستان هەر زوو ناخ و ناوەرۆکی ئەو دەسەڵاتە خۆسەپێنەیان ناسی و دەنگی ناڕەزایەتیان دەربڕی و بە هاتنە سەر شەقام و بە هەڵگرتنی چەك لە بەرانبەر هێزی داگیركەردا وێستانەوە.
هەر لە دوای فەرمانی جیهادی خومەینی پاسدارەکان و هێزی گاردی جاویدان بۆ سەرکوتی خەڵکی ئازادیخواز, بەرەو کوردستان ڕەوانەكران تا ئەوەی چۆنیان پێی خۆش بێ خەڵکی مافویستی كوردستان سەركوت بکەن و بە خەیاڵی خاوی خۆیان دەنگی ئازادیخوازی لە کوردستان کپ بکەنەوە. بەڵام لەوکاتەدا نەمر مامۆستا سەیید جەلال حوسەینی کە پێشتر بەشێک لە تەمەنی تەرخانی خەبات دژ بە ڕژیمی گەندەڵی پاشایەتی کردبوو و دەیزانی دەبێ سنورێک بۆ ملهوڕیەکانی ئاخوندان دیاری بکرێت, بوێرانە فەرمانی لێدانی ئەو هێزە سەرکوتکەرەی داو پێشمەرگە گیان لەسەر دەستەکانی لە جادەی هەژدەدوڵان و ڕێگەی نێوان سەردەشت و بانە, هێرشیان کردە سەر هێزەکانی گاردی جاویدان و بەپێی زانیاریەکانی بەشداربوانی ئەو شەڕە دەیان کەسیان لێ کوشتن و چەندین كەسیان لێ بەدیل گرتن و زیاتر لە ۸۰ ماشینی جەنگیان لێی تێکشکاندن. ئەو گورزەی کە لە ڕژیم درا و ئەو شكستەی تووشی هات وای کرد کە ئاخوند خومەینی بە خەڵكی كوردستانی ڕایبگەینێت کە خەڵکی کوردستان دەنگی ئێوەم بیست و داوای دانوستان و ووتوێژ بکات. دیارە ئەو سەروەریە مێژوویی و پڕ لە شانازییە بە خوێنی ۸ پێشمەرگەی نەمری سازمانی خەبات کە گیانی پاکیان پێشکەش بە ئازادی و ڕزگاری خاک و نیشتمان کرد نەخشێندرا. سازمانی خەبات لە بەر گرینگی ئەو سەروەریە مێژووییە ڕۆژی ۱۰ی خەزەڵوەری وەک ڕۆژی پێشمەرگەی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران ناساندوەو هەموو ساڵێک ڕێز لە یادی دەی خەزەڵوەر و شەهیدانی خەزەڵوەرو فیداکاری و گیان فیدایی ئەو کەسانە دەگیرێ‌ كە لەو قارەمانیەتە بەشداریان كرد.

پێشمەرگە ئازا و بوێرەکانی سازمانی خەبات!
هۆگرانی ڕێگەی ئازادی و ڕزگاری!

ئەمساڵ لەکاتێکدا ڕۆژی پێشمەرگەی سازمانی خەبات بەرز ڕادەگرین کە دۆزی ڕەوای کورد و خەبات بۆ ڕزگاری نەتەوەو نیشتمان لە لوتکەی خۆیدایە و تەنانەت لە یەکساڵی ڕابردوو و پاش شەهیدکرانی ژینا ئەمینی بینیمان کە نەتەوەکانی ئێران بە پێشەنگی ئافرەتان و لاوانی بوێر و چاونەترس چۆن بە وریایی و چاوکراوانە داوای ڕووخانی ئەو دەسەڵاتەیان کردووە. شۆڕشی ژینا بڵێسەی ئاگری ۴۴ ساڵەی خەبات دژ بە ئاخوندان و هەروەها داستانی شەڕی جێژنی قوربان و ۱۰ی خەزەڵوەری زیاتر زیندوو كردەوەو سەلماندی هەوڵەکانی دەسەڵات بو ئاژاوەگێڕی لە نێوان نەتەوەکان لەژێر ناوی مەزهەب و ڕەگەز و ئایین بوو بە بڵقی سەری ئاو و خەڵکانی ئیران بە هەر بیر و باوڕێکەوه دەست لە دەستی یەکتر داوای مافە ڕەواکانی خۆیان دەكەن. شۆڕشی ژینا بە دروشمی ژن ژیان ئازادی, چەندین ساڵ چوساندنەوەی ژنانی لە بن دەستی دەسەڵاتە فاشیست و دیکتاتۆرەکانی پەهلەوی و ئاخوندی هاوار کرد و پشتگیری جیهانی بە دوای خۆیا هێنا و لە هەموو جیهاندا بینەری کاردانەوە ئەرێنیەکانی بووین و تەنانەت بینیمان کە هەموو چین و توێژەکان چۆن پێشمەرگە ئاسا تێکەڵ بەو ڕاپەڕینە بوون. بەڵام دەسەڵاتی ئاخوندی ئیران وەک هەمیشە لە هەموو ئامرازەکانی سەرکوت کەڵکی وەرگرت و ئەوەی دەکرا بەسەر خەڵکی ڕاپەڕیوی هێنا و بە هاوکاری هەندێک لایەنی بە ناو ئۆپۆزیسیۆن تا ڕادەیەک ئەو ڕاپەڕینەیان بەلاڕێدا برد.
ڕژیمی ئاخوندی پاش مەودایەکی کورت پاشەکشە کردن, لە ئێستادا زۆر هینان و هەڕەشەو سەركوتی توندتر کردوەو دیسان ئەمساڵ جینایەتێکی دیکە هاوشێوەی شەهیدکرانی ژینا ئەمینی ئەنجامدا.ئەمجارە لە ئیسگەی قەتار بە دەستی بەکرێگیراوانی و دیسان بە بیانوی ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆری, له ئارمیتا گەراوەندیان داو ئەو کچه کوردە کرماشانیە پاش ۲۸ ڕۆژ مانەوه لە بیمارستانی فەجر شەهید کرا. شەهید کرانی ئارمیتا و چەندجارە بوونی ئەو جینایەتانە دووبارە سەلماندی کە ئەو حکومەتە هیچ بایەخێک بۆ گیانی و ژیانی خەڵک دانانێت و تەنیا لە بیری پەرە پێی دانی بیرۆکە دواکەوتوانەکەی خۆی دایە.
لەئاوا هەلوومەرجێکدا ئەرکی هەموو خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان و ئێران ئەوەیە کە بە مانەوە لە ڕێگەی خەبات لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات, یادی ۱۰ی خەزەڵوەرو قارەمانی و نەبەزی تێكۆشەران و خوێنی شەهیدان، وەك هەمیشە لە بەر چاو بگرن و بە تێكۆشانی هەمە چەشنە شۆڕشی ڕەوا بە ئاکام بگەێندرێ‌ و ئازادی و رزگاری باڵ بە سەر ووڵاتدا بكێشێ‌.
بە دڵنیاییەوە کە دەسەڵاتی سەرکوت و سەرکوتکەران وێڕای هەموو هەوڵەکانیان لە بەرانبەر هیمەتی خەڵکدا بەچۆک دێن و گیان فیدایی خەڵکی مافویست بە ئاکام دەگەت و ئەو دەسەڵاتە دژە مرۆڤە دەڕوخێ و لە كوردستان و ئێرانیكی ئازاد دا یادی حەماسەی ۱۰ی خەزەڵوەرو قارەمانی پێشمەرگەكانی كوردستان لە ڕیزی سازمانی خەبات و یادی شەهیدان و ئازادیخوازانی نەبەزو نەسرەوتوو دەكەینەوە.

جارێکی دیکە پیرۆزبایی ۱۰ی خەزەڵوەر, ڕۆژی پێشمەرگەی سازمانی خەبات ی کوردستان دەکەین

بڕوخێ دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئاخوندی
سەرکەوێ خەباتی گەلی چەوساوەی كورد

سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران
کومیتەی ناوەندی
۹ی خەزەڵوەری ۱۴۰۲ی هەتاوی

11 مانگ و 6 ڕۆژ و 13 کاتژمێر و 57 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

پەیامی کومیتەی ناوەندی بەبۆنەی ۱۰ی خەزەڵوەر, ڕۆژی پێشمەرگەی سازمانی خەبات

پەیامی کومیتەی ناوەندی بەبۆنەی ۱۰ی خەزەڵوەر, ڕۆژی پێشمەرگەی سازمانی خەبات

به‌سته‌ره‌ گرنگه‌کان


به‌‌‌سته‌‌‌ره‌‌‌ گرنگه‌‌‌کان lلێره‌‌‌ بنووسه

تێکۆشان


ناونیشان...



ناونیشانی
ناونیشانی
ناونیشانی
ناونیشانی