تێکۆشان
ڕۆژنامه‌ و میدیایه‌کی ئه‌له‌کترۆنیه‌.
       

شەڕی دارساوێن و دەوری پێشمەرگەکانی سازمانی خەبات

شەڕی دارساوێن و دەوری پێشمەرگەکانی سازمانی خەبات
م س. وسووەکەلی

لە ١٣ی خەرمانان مانگی شەشەمی ساڵی ١٣٥٩ کۆچی خۆری کە هەشت رۆژ بە سەر پێکهاتنی سازمانی خەبات تێ‌ پەڕیبوو، هێزێکی زۆری ڕژیمی ئێران لە پادگانی بانە کۆکرابونەوە بە فەرمانی خومەینی بە مەبەستی نەهێشتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سەر جادەی بانەو سەردەشت، هێرشیان دەست پێکرد.

جێگەی ئاماژەیە ئەو هێزەی دژمن پێکهاتبوو لە:

 ١. بەشێک لە گوردانی ١٢٦ لە تیپی ٥٥ هەوابوردی شیراز.

٢.دەستەی زرێیی تانگی ئیسکۆرپیەن لە گوردانی ٢١٥ی تیمی تایبەتی ٢٣ ی (نوهد) سەر بە گروهانی سپای پاسدارانی ئەراک. ٣.دەستەی موهەندسی لە گوردانی ٤٤٧ (مهن)

٤.تیمی هەوانیروز کە بریتی بوون لە شەش هیلیکۆپتەری کوبراو چوار هەلیکۆپتەری ٢١٤.

٥.تۆپخانەی ١٠ ٥ میلی میتری جێگیر لە شاری بانە.

٦.چەندین فڕۆکەی  شەڕکەڕی سەر بە پایگای شکاری هەمەدان.

 ٧.گوردانێک لە لەشکری هێزی هەمزە کە پێشتر لە پادگانی بانە جێگیر کرابوون.

٨.گوردانێک لە تیپی هەوابوردی شیراز کە لە پادگانی سەردەشت جێگیر کرا بوون کە پێشتر بە هەلیکۆپتەر نێردرابوونە پادگانی سەردەشت.

٩.چەندین بە ناو کوردی خۆفرۆش و بەکرێگیراوی ڕژیم. 

بە پیویستم زانی ئەو زانیاریانەی لە بارەی شەڕی جادەی بانە سەردەشت کە بە شەڕی دارساوێن ناسراوە بخەمە ڕوو کە لە ساڵی ١٣٥٩ی کۆچی خۆری و لە ئاکامی هێرشی هێزەچەکدارەکانی حکومەتی ئێران ڕویداو هەروەها دەوری پێشمەرگە قارەمانەکانی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران و فەرماندەو بەرپرسانی سازمانی خەبات لەو شەڕەدا، ئەم بیرەوەریە بنووسم. چەند ڕۆژێک بە سەر دامەزرانی سازمانی خەبات تێ‌ پەڕی بوو کە هێزەکانی ڕژیمی ئێران هێرشێکی بەرینیان بە بەشداری ئەو هێزو پێکهاتە چەکداریانەیان کە لە سەرەوە ناوم هێناون لە ١٣ ی خەرمانان ١٣٥٩ بە فەرماندەیی سەییاد شیرازی جینایەتکار دەست پێکرد. ئەو هێرشە لە کاتێکدا ڕویدا کە هێزی پێشمەرگەی سازمانی خەبات  خەریکی خۆسازدانەوە بوو، چونکە پێشتر لە چوارچێوەی دەفتەری مامۆستا شێخ عیزەددیندا چالاکی دەکرد.سەرەڕای نەبونی ئامادەیی پێویست و کۆتایی نەهاتنی  سازماندەیی ئورگانەکانی سازمانی خەبات، پێشمەرگەکان بە فەرماندەیی ماموستا سەیید خەلیل شەریفیان کە ئەندامی دەفتەری سیاسی سازمان و فەرماندەیی شەهید بەرپرسی هێزی پێشمەرگە بوو، هەروەها فەرماندەیی چەند فەرماندەیەکی دیکەی هێزی پێشمەرگەی سازمان وەک شەهید کاک عەبدولکەریم حوسەینی، مامۆستا مەلا مستەفا پیاوێن و مام ڕەحمان کەریمی خوالێیان خۆش بێ‌ وچەند فەرماندەی دیکەهێزی پێشمەرگەی سازمانی خەبات بوون لە شەڕی دارساوێن. لە دوای گەیشتنی زیانیاریەکان لە مەڕ بەرنامەی دژمن بۆ هێرشکردن بۆ جادەی بانە سەردەشت،پێشمەرگەکان لە دێی‌ سیاومە لە ناوچەی دەشتەتاڵی بانە کە یەکێک لە بنکەکانی سەرەکی سازمانی لێ‌ بوو هەروەها لە ناوچەی شەڕ و جادەی بانە سەردەشتیش نزیک بوو، دابەش کران و هەر لق و پەلێکی پێشمەرگە شۆێنیان بۆ دیاری کرا. فەرماندەی پەلی ئێمە مام ڕەحمان کەریمی بوو، من و کاک بابەشێخ حوسەینی کە ئەو کات لە سەرەتای لاویەتیدا بوو لە گەڵ شەهید محەممەد نانەوا،شەهید ئیبراهیم تاژانی، خوا لێخۆشیوو مام حوسەین نانەوا، شەهید عەبدوڵا نانەوا،شەهید ئەبوبەکری کەریمی و چەندین پێشمەرگەی دیکە کە ئێستا ناوی هەموانم لە بیر نەماوە لەو پەلەدا سازماندراین.

هێزەکەمان بەرەو سەیسارم و زێویە بەڕێکەوت و لە پێچەکانی نێوان سەیسارم و زێویەو نەمشیر کەمینمان دانا. پێشمەرگەی لایەنەکانی کۆمەڵەو حیزیی دیموکڕات لە لە سەر بەرزاییەکانی پشتی زێویەو بەردەسوور و جێگیر بوون. بە نزیک بوونەوە یەکەمین ماشینی هێزی دوژمن لە پێچەکانی گوندی سەییدسارم، مینێکی دژە تانگ بە ماشینی پێشڕەوی دوژمندا تەقیەوەو ژمارەیەک لە بەکرێگیراوان کوژران و بریندار بوون. شەڕێکی سەخت دەستی پێکردو فڕۆکە شەڕکەرەکانی دوژمن و هیلیکۆپتەرەکانیان تەقەیان لە سەنگەری پێشمەرگەکان دەکرد کە بە خۆشیەوە هلیکۆپتیەرێکی دژمن بە ئاوری چەکی پێشمەرگەکان کەوتە خوارەوەو سەرنشینەکانی کوژران. ئەو هێزە زۆرەی دژمن بۆ ماوەیەک لە پێچەکانی سەیید سارم و زێویە توانای دیفاع کردنیان نەما بەڵام بە پشتیوانی هێرشی تۆپخانەیی و بۆمبارانی سەنگەری پێشمەرگەکان لە لایەن فڕۆکە جەنگیەکان و ڕاکدبارانی هیلیکۆپتەرەکانیان توانیان درێژە بە جوڵانیان بەرەو قۆخان و دۆڵەهەرزن بدەن. جەنگ لە نزیک نەمشیرو قۆخان توندتر بوەوە، ئەوەندەی لە بیرمە چەند پێشمەرگەی کۆمەڵە شەهید بوون و دوو پێشمەرگەی سازمانیش بە سوکی بریندار بوون. هێزی دوژمن بە پشتیوانی فڕۆکەی جەنگی و هیلیکۆپتەرەکان وتۆپخانەکانی لە هەوڵی پێشڕەوییدا بوو، لە بەرانبەردا هێزی پێشمەرگەی کوردستانیش لە زۆربەی بەرزاییەکانی زاڵ بە سەر جادەکەداو هەروەها لە دامێنی خوار جادەکەدا جێگیر بوون و قارەمانانە ڕوبەڕوی هێزەکانی دوژمن دەبونەوە. سەڕەڕای زەربەتی گەورە لە هێزی دژمن، ڕێگەی پاشەکشەیان بۆ زەحمەت بوو،هەروەها بە خەیاڵی خاویان پێیان وابوو کە دەتوانن بەشەکەی دیکەی ڕێگەکە بە ئاسانی ببڕن و بگەنە سەردەشت، بەو مەبەستە دڕێژەیان بە پێشڕەوی دەدا. هێزی دژمن لە نێوان گوندی قۆخان تا گوندی دۆڵە هەرزن کەوتە بەر ئاوری پێشمەرگە قارەمانە کانی سازمانی خەبات و حیزبی دیموکڕات و کۆمەڵە و هێزی پێشمەرگەی سازمان بە فەرماندەیی مامۆستا سەیید خەلیل و شەهیدی فەرماندە کاک عەبدولکەریم حوسەینی دەوری بەرچاویان هەبوو. ئێمە لە پەلی مام ڕەخمان کەریمی لە ڕوبەروبونەوەی قورسدا لە سێ‌ ڕێیانی قۆخان لە گەڵ دژمن دەرگیر بووین لە گەڵ بەردەوام بوونی پێشڕەوی هێزی دژمن، پێشمەرگەکانی کوردستان بە شۆێنیانەوە بوون و شەهید کاک عەبدولکەریم و شەهید ئەحمەد ئاغای هەورازە لە گەڵ ئەو ژمارە پێشمەرگەی لە گەڵیان بوون لە نێوان دێ‌ بێ‌ کەژ و هەورازە زەربەتیان لە دوژمندا. من لە گەل کاک بابەشێخ بە هۆی بەربڵاوی شەڕەکە لە پەلەکەمان دابڕاین و لە گەڵ  چەند پێشمەرگەی گوندی ووسوەکەل و هەوەها پێشمەرگەکانی هێزی بەرگری سازمان لە دێی  ووسوەکەل، لە خوار دێی‌ دارساوین بە هاوبەشی لە گەڵ پێشمەرگەکانی کۆمەڵە روبەڕوی دژمن بووینەوە هێزی پێشمەرگەی حیزبی دیموکڕاتیش لە بەرزایی پشتی دارساوین و دەوروبەری دارساوین بوون.

هێزی دژمن لە نێوان هەورازە بۆ دارساوین تووش ڕوبەڕوبونەوەیەکی سەختی هێزی پێشمەرگەکانی کوردستان بوونه‌‌‌وه‌‌‌. ئەو په‌‌‌له‌‌‌ی ئێمە لە خوار گوندی دارساوێن کە لە ژمارەیەک پێشمەرگەو پێشمەرگەی هێزی بەرگری سازمانی خەبات  پێکهاتبوو بە سەرپەرەستی کاک بابەشێخ حوسەینی لە گردەکانی خوار دارساوێن لە گەڵ دەستەێک لە پێشمەرگەکانی کۆمەڵە ڕوبەڕوی دژمن بووینەوە زیانی قورس بەر دژمن کەوت.  لە گەرمەی شەرەکەدا  ئێمە پێشنهادامان کرد بۆ کۆتایی هێنان بە هێزی دوژمن هێرشی یەکجاریان بکەینە سەر، بەڵام بە داخەوە بە هۆی ئەوەی پێشمەرگەکانی دیکە پێ‌ یان باش نەبوو هجوم بکرێ‌، جۆرێک لەئاڵۆزی و هەڵس و کەوت و قسەی ناپێویست هاتە نێوانمان،هەر بۆیە هێرشی یەکجاری بۆ سەر هێزی دژمن نەکرا بە شەرتێک ئەگەر هێرشی یەکجاریە بکرایەتە سەر ئەو ژمارە لە هێزی دوژمن، ناچار دەبوون خۆیان تەسلیم بکەن.

تاریکی باڵی بە سەر مەیدانی شەڕدا کێشا، گۆێمان لە هاوارو دادی بریندارەکانی هێزی دوژمن بوو، ئێمەش برسی و تینوو ماند بووین و هەر بۆیە بەرەو دێ‌ بەسر٠Žێ‌ گەڕاینەوەو تەنیا چەند ماڵ لەوێ‌  مابوون و بە هۆی شەڕەوە گوندەکەیان چۆڵ کردبوو.فڕۆکەکانی ڕژیم بە سەر ئاسمانی ناوچەکەدا دەسوڕانەوەو بۆمبارانی ناوچەکەیان دەکرد. دوو کەس لە پێشمەرگەکانی هێزی بەرگری سازمان بە ناوەکانی (س) و مستەفا بە بێ‌ پرسی ئێمەو کاک بابەشێخ گەڕابونەوە بۆ دارساوێن و خۆیان خزاندبوە ناو هێزە شکست خواردەکەی دوژمن چەند چەکی ژێ‌ سێ‌ ٣ بێ‌ قۆنداغیان لە گەڵ خۆیان هێنابوو.

 بەیانی لە دێی‌ بەسرێ‌ لە خەو هەستاین و بە هاوبەشی لە گەڵ پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکڕات کە فەرماندەکەیان خوالێخۆشبوو کاک حەبیبەڵا ساوانی و هەروەها ئەو دەستەی سازمان بە فەرماندەیی کاک بابەشێخ حوسەینی، لە دامێن و خوار گوندی دارساوێن بەرەو بەرزاییەکان و گردو تەپۆڵکەکانی دارساوێن چووین کە ئێوارەی پێشوو لە گەڵ هێزی دژمن تێیاندا لەو شۆێنە لە گەڵیان شەڕدا بووین. یەکێک لە پێشمەرگەکانی هێزی بەرگری(س) کە ئێستا لە ناوخۆی کوردستانەو من و کاک بابەشێخ لە پێشەوەی هێزەکەدا دەرۆیشتن کاتێک گەیشتینە بەرزاییەکان، لە گەڵ هێزی دژمن دەرگیر بووین. دیار بوو ئەوان پێش چوونی ئێمە لەو بەرزاییانە جێگیر ببوون. دوای تەقەولێکدانێکی چەند دەقیقەیی بە ناچار بەرەو دێی‌ بەسرێ‌ گەڕاینەوە.

ئێمە ئەو دەستەیەی پێشمەرگەکانی سازمانی خەبات چووینە وسوەکەل و نانی نێوەڕۆمان خواردو دوایەش چووینە دێ‌ بانەزێرو لەوێشەوە چووینە گوندی کاولان کە شەش ماڵ بوو و تێکەڵ بە هێزەکە بووینەوە کە مامۆستا سەیید خەلیل فەرماندەیی دەکرد. ئێوارە فڕۆکە جەنگیەکانی ڕژیم هاتن و چەند بۆمبی خوشەییان لە خوار ماڵەکانی گوندی هەورازە خستە خوارەوە کە چەند دانەیان نەتەقینەوە. ئەو ناپاڵم و بۆمبانە بە ئەندازەی نیو بەرمیل( بۆشکە) دەبوون. شەو لە دێ‌ کاولان بووین و فەرماندەکانمان لە بیری ئەوەدا بوون کە بە چ شێوەیەک ڕوبەڕوی ئەو هێزەی دژمن ببنەوە. 

هێزی دوژمن لە لایەن پێشمەرگەکانی هێزولایەنەکان لە دارساوێن گەمارۆ درابوون. ئێمە لە کاولان بووین بە نۆرە تیمی پێشمەرگە دەچوونە نزیک دارساوێن و هێندێک جار تەقەو لێکدان لە نێوان پێشمەرگە لە لایەک و هێزی دوژمن ڕووی دەدا. خەڵکی کاولان لە بەر مەترسی  گوندەکەیان چۆڵ کرد بوو نان و خواردنیش کەم بوو، بە بیرم دێ‌ کاک بابەشێخ لە گەڵ پێشمەرگەیەک بە ناوی کەریم، لە دوای تەواو بوونی نیگەهبانیان و مەئموریەتیان گیسکێکی گەورەیان کڕیی و بە بێ‌ ئەوەی گۆشتەکە بشۆنەوە گیسکه‌‌‌که‌‌‌یان برژاند. 

ئەو ڕوبەڕوبونەوەو مقاومەتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە بەرانبەر هێزی داگیرکەری ڕژیمی ئێران بووە هۆی تێکشکان و زەربەتی گەورە لەوان بەڵام بە داخەوە بە هۆی بێ‌ بەرنامەیی و نەبوونی فەرماندەیی هاوبەش ونەبونی هاوکاری توندو تۆڵ، نەتواندرا بە یەکجاری هێزی دژمن کۆتایی یان پێ‌ بهێندرێ‌. هێزی دوژمن لە خوار ماڵی دارساوین نەیانتوانی بجولێن، بەڵام بە داخەوە بە هۆی هاوکاری چەندین خۆفرۆش توانیان لە دوای ٤٥ ڕۆژ خۆ بگەێننە پادگانی سەردەشت.

شەڕی دارساوێن دەتوانێ‌ بکرێتە نمونەیەکی باش لە کارو چالاکی هاوبەش و دەرخەری ئەو ڕاستیە کە ئەگەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان هەموو پێکەوە هاودەنگ و هاوکار بن دەتوانن زەربەتی زۆر کاریگەر لە هێزی داگیر کەر بوەشێنن. سڵاو لە ڕۆحی شەهیدانی شەڕی قارەمانانەی ١٣.٦.١٣٥٩ ناسراو بە شەڕی دارساوێن و سلاو لە هەموو ئەو پێشمەرگە قارەمان و پێشمەرگانی هێزی بەرگری کە لەو شەڕەدا دەوری بەرچاویان گێڕا.


2 ساڵ و 12 ڕۆژ و 15 کاتژمێر و 57 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

شەڕی دارساوێن و دەوری پێشمەرگەکانی سازمانی خەبات

شەڕی دارساوێن و دەوری پێشمەرگەکانی سازمانی خەبات

به‌سته‌ره‌ گرنگه‌کان


به‌‌‌سته‌‌‌ره‌‌‌ گرنگه‌‌‌کان lلێره‌‌‌ بنووسه

تێکۆشان


ناونیشان...



ناونیشانی
ناونیشانی
ناونیشانی
ناونیشانی