بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە ٥ی خەزەڵوەر، ئیسرائیل هێرشی كردە سەر بیست بنكەو ناوەندی سەربازی و چەكسازی ڕژیمی ئاخوندی لە تاران و چەند شاری دیكەی ئێران.
هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ناوەندە سەربازی و چەكسازی ڕژیم لە وەڵامی هێرشی مووشەكی ڕژیم بۆ سەر ئیسرائیل لە مانگی ڕابردوو،ئەنجامدرا.
چەندین تێبینی لە بارەی هێرشی سەر لە بەیانی شەممە.
1.سەرەڕای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر چەندین شوێن و پێگەی ڕژیم، بەراوردو هەڵسەنگاندەكان ئەوە دەردەخەن كە ئیسرائیل نایهەوێ شەڕ لە دژی ڕژیم درێژە بكێشێ چونكە كە هێزەسەربازیەكانی ئیسرائیل لە ئێستادا لە غەززە لە فەلەستین و لوبنان لە شەڕدان هەر بۆیە بۆ ئیسرائیل ئاسان نابێ بەرەیەكی دیكەی شەڕ بكاتەوەو شەڕی بەردەوام لە گەڵ ڕژیمی ئێران درێژە پێی بدات. قسەكانی ووتە بێژی هێزی سەربازی ئیسرائیل لە دوای هێرشەكەی ئەم بەیانیە ئەو ڕاستیەی گەیاند،دانیاڵ هاگاری ووتی هێرشەكانیان بۆ سەر ئێران كۆتایی پێی هاتوەو ئەگەر هەر كات هێرش بكاتە سەر ئیسرائیل ئەوانیش بەردەوام دەبن لە هێرش بۆ سەر ئێران.
2.ئاشكرایە ڕژیمی ئاخوندی ماوەی چەندین ساڵە شەڕی ناڕاستەوخۆ وە ڕانەگەێندراوی لە گەڵ ئیسرائیل هەیەو دەسەڵاتداران لە ئێران دەیان جار ڕایانگەیاندوە كە ئامانجیان لە ناوبردنی ئیسرائیلە. بەو پێیە، حكومەتی ئیسرائیل و وڵاتانی ناوچەكە كاتێك دەتوانن بێ كێشەو گرفت بن كە ڕژیمی ئاخوندی لە ئێران كۆتاییی پێی بێت وەك دەگوترێ تا سەری مارەكە لە تاران پان نەكرێتەوە كۆتایی بە ئاڵۆزی و جەنگ و كوشت و كوشتارو ماڵوێرانی نایەت.
3.دیارە ڕژیمی ئاخوندی نایهەوێ جەنگی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ئیسرائیل درێژە بكێشێ، چونكە شەڕی ڕاستەوخۆ و بەردەوام لە گەڵ ئیسرائیل، تێچووی دارایی و سیاسی زۆری هەیەو لە ئەگەری بەردەوام بوونی شەڕدا، دەسەڵاتی ئاخوندی ناتوانێ خەرجی جەنگێكی بەردەوام تەحمول بكات. بۆ دەسەڵاتی ئاخوندی جەنگی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل و بەردەوامی ئاڵۆزی و گرتنی ئاگر بە گروپ و تاقمە تروریستیەكانی لە لوبنان و یەمەن كەم خەرج ترە.
4.كاریگەرەكانی جەنگ و ئاڵۆزی نێوان ڕژیمی ئاخوندی و ئیسرائیل لە سەر هەلومەرج لە ئێران. بێگومان جەماوەری ئێران بە هێرشەكانی ئیسرائیل و هێرشی هەر هێزێكی دیكە بۆ سەر دامەزراوەكان و بۆ سەر دەسەڵاتدارانی ئێران دڵخۆشن و هەر جۆرە شكستێكی دەسەڵاتی ئاخوندی بە سەر كەوتنی خۆیان دەزانن.
بەڵام ئەوەی گرینگ و پێویستە لە بەرچاوی بگرین ئەوەیە كە شكست و لاوازی دەسەڵاتی ئاخوندی ئێران لە بەرانبەر هەر هێزو حكومەتێكدا، نابێتە هۆی ڕزگاری گەلانی ئێران لە ژێر حوكمی دەسەڵاتی جینایەتكاری ئاخوندی. بێگومان گەلانی ئێران دەبێ بە هێزو تواناو خەباتی خۆیان كۆتایی یەكجاری بە مەینەتی و ئازارەكانیان و كۆتایی بە سەركوت و دیكتاتۆری بێنن.
لەو هەلومەرجەی ئێستادا كە گرانی،بێكاری،بەرەوسەرچوونی نرخی پێداویستیەكان، بەرەوسەرچوونی نرخی هەژاری و لە هەموویان بەرچاوتر بەرەوسەر چوونی جینایەت و تاوانكاری دەسەڵاتی ئاخوندی، جەماوەری ئێرانی وەزاڵە هێناوە. هەر بۆیە ڕاپەڕینی تێكرایی جەماوەریی لە سەرانسەری ئێران بە شێوەی یەكانگیرو دەست پێبكاو درێژە بكێشێ، دەبێتە هۆیی ڕوخانی ڕژیمی ئاخوندی .
لە كۆتاییدا ئەو ڕاستیە دەبێ لەبەر چاوبگرین كە هەموو هێزو دەسەڵات و حكومەتێك، جەنگی قازانج و ویستەكانی خۆی لەگەڵ ڕژیمی ئاخوندی دەكات وهیچ هێزو وڵاتێك بۆ هێنانە دیی ئامانجەكانی گەلانی ئێران و گەلی كورد جەنگی ڕژیمی ئاخوندی ناكات.