تێکۆشان
ڕۆژنامه‌ و میدیایه‌کی ئه‌له‌کترۆنیه‌.
       

شەهیدان ئەبوبەكر محەممەدی و عەبدوڵا محەممەدی

شەهیدان ئەبوبەكر محەممەدی و  عەبدوڵا محەممەدی
یادی سەروەران

یادی سەروەران
سەروەرانی گەل شەهید ئەبوبەكر محەممەدی ناسراو بە ئەبوبەکر چەكوشەیی و شەهید عەبدوڵا محەممەدی ناسراو بە ( عەبدوڵا نستانی)
هەر چەندیی كوردستان دەخەملێ و هەر چەندیی دیمەن دەڕەنگێ. هەرچەندیی گوڵ دەگەشێنەوە، و هەر چەندیی چیمەن دەڕازێنەوە، هەر چەندیی كەژوكێو دەبنە پەلكە حۆری، چەندیی گردگلكە دەبنە تۆپە گوڵ، چەندیی جۆگە و جۆبار دەبنە بەرۆكی زیوین بە بەرۆكی كەژو كێودا، چەندیی سوورە بەڵەكی نوالامان دەیبینن كە تیشكی  لە قۆپنەی هەڵزجار و مەندی جارٍان دەداو ڕەنگی وانیش زیندوو سپات دەكات. هەر چەندی بولبول دەخوێنن و خوێن لە دڵی گوڵ دەزێنن، هەرچەندی قاسپەی بەر بەیانی كەوان خەوی شوانی شەوێن دەڕەوێنێ و باوێشكیان دەتارێنێ، چەندی شەنگە بێری بە گوڵینگەی توربینیان ئاگری دڵی ئەوینداران دەگەشێننەوەو بەخرینگەی هەیاسەیان،خورپە دەخەنە دلێ دڵدارانەوە و بە لەنجەولاریان بەندی دڵان دەشكێنن، چەندی گۆڕستانی كوردستان دەبنە بەهەشتی سەر زەوی. چەندیی گوڵان باڵایان بەباڵای كێلان دەپێون و لاولاو پشتێنی كەسك لە كێلی وەجاغزادان دەبەستن. چەندی کۆڕی هەڵاڵە گەڕان گەڕی گۆڕی شەهیدان، كۆڕی شین دەبەستن وخۆ ڕادەژێنن و بەشەرمەوە فرمێسك دەڕژێن، چەندیی نیازداران ڕێچكە دەخەنە ناو گۆرستان بەرەو چاك وپیران، چەندی چاومان لە هێزی داگیركەرە كە گوڵزاری كوردستانمان لێ پێشێل دەكات، چەندیی قیسپی ئاسن دەبینین كە پەرژینی تەلدڕویان ڕاگرتووە، كە ڕێگەمان نەبێ بچینە ناو نیشتمانی خۆمان، چەندیی گوێمان لە دەنگی تۆپ و بۆمب و ناپاڵم دەبێ كە زماندارو بێزمانی وڵاتەكەمان دادەچڵەكێنێ، چەندی خوێنی ڕژاو و مێشكی پڕژاوی هاونیشتمانەكانمان دەبینین كە لەسەرخاكی خۆیان بەناڕەوا ڕژاون وپڕژاون، چەندی دایكانی جەرگ سووتاو و باوكانی پشت شكاو دەبینین كە ڕۆڵەی شیرینیان ڕۆیشتووە و هاتنەوەی نییە، چەندی ژنانی ڕووسووری ڕەنگ زەرد دەبینین كە بەتەنیا بەسەر هێلانەی بێچوە ساوایانەوە مانەوەو دەرو ژوور دەكەن و بەڵام هەواڵێك لە هەڤاڵی خۆشەویستیانەوە نابیستن. چەندی پێڕِۆكان دەبینین كەسەری زمان و بنی زمانیان بابەیە، بەڵام مەگەر لە خەودا بچنەوە باوەشیان و ڕومەت بە ڕومەتیانەوە نێن، چەندی بەندیخانەكان دەبینین كە لە تێگەیشتووە ئازادیخوازەكان پڕِن و لە داد و بەزەیی چۆڵن، چەندی لە داری قەناری دەڕوانیین كە گیانی سەربەرزانی پێڕا هەڵدەچێ، بۆ بارەگای یەزادنی دادگەر و خودای چەوساوەكان، چەندی سینگی پڕ باوەڕ دەبینین كە بەرانبەر پیاو كوژانی بێ باوەڕ گیراون، كە بە گوللە ئاگر لە باوەڕیان بەردەن، چەندی گەمارۆی نیزامی و ئابوری دەبینین كە پەلە قاژەیی لە خەڵك بڕیوە و بێ هێزوتینی كردوون. چەندی پاسداری بەد ڕەفتار دەبینین كە بە چاوی شمرو یەزید دەڕواننە خەڵكی و ڵاتەكەمان. چەندی ئاخوندی وڕێنە پەرەست دەبینین كە دەیانهەوێ بە فێڵ، گەوهەری ڕاستی بە موروە كەرانە لە دەست خەڵكی وڵاتەكەمان دەربێنن. چەندی دەڕوانین و دەبینین كە دژمن دژمنە و هەر بە دۆست نابێ، هەر چەندی ئەو سەوزو سوورو زەردو واڵایە دەبینین و ئەو هەموو ستەم وبێ داد وناڕەوایە دەبینین، ئەی شەهید! ئەی مردوویی بە نرختر لە زیندوویی تمان لا بەنرختر دەبێت و خوێنی ڕژاوی تۆمان بە جێتر دێتە بەرچاو. هەتا ئەو نیشتمانە جوانە پڕ لە بژێو وجێ ژیانە دەبینین و ئەو هەموو ناهومێدی و هەناسە ساردیەی گەل دەبینین، ڕێگەی تۆمان چاكتر لەبەرچاو شیرینە و مەرگی وەك مەرگی تۆمان پێ چاكتر لە ژینە. دەزانین تۆ ئەركی خۆت بە جێ هێناو مەرگی پڕ لە شانازیت بۆ خۆت وەدی هێنا، ڕێی ڕاستت گرت و تازە هەڵە ڕوو لە تۆ ناكات ئەو دێڕەی تۆ بە خوێنی خۆت كێشات، ڕاستە ڕێگەیە بۆ ژیانی بەسەر بەرزی و مەرگی پڕ لە شانازی. خۆشی بۆ شەهیدو بۆ ئەویندارانی شەهید، خۆشی بۆ هەڤاڵی شەهید و بۆ ڕێبوارانی ڕێبازی شەهیدی ڕێی ڕاست و ڕێی خەبات و موبارەزەیە كە قارەمان باردەهێنێ و بە خوێنی شەهیدان، مێژووی پڕِ لە شانازی دەڕەنگێنێ. سەر بەرزی بۆ سازمانی خەباتی خوێناویە كە لە بەنرخترین كوڕِی كوردستان، هێزی قارەمانێتی پێك هێناوە و كاروانی شەهیدانی بەرەو بەهەشتی شەهیدان بەڕێ كردووە و پسانەوەی نابێ تاسەركەوتن. جا باسی كامیان دەكەی كە یەكەو هەڵكەوتوو نەبێ، سەر گوزەشتەی كامیان لەسەر گوزەشتەی ڕوستەمی دەستان دەمێنێتەوە. بەڕاستی لە هەرچی دەدوێی و پێی هەڵدەڵێی دەبینی ناگەیە داوێنی لێهاتوویی، تا ئێستا چیمان باس كردبێ هەڵكەوتوو ناو دەركەوتوو نەبوبێ؟
باسی دوو شۆڕە سواری مەیدانی خەبات وگیانبازی دەکەین کە ڕوناکی باوەڕیان چۆڵە چرای شۆڕشگێڕان بوو، دوو قارەمانی لە خۆ بردوو کە لە پاکی و ڕاستیدا کەم وێنە بوون.
شۆڕە سوار كاك ئەبوو بەكری محەممەدی ناسراو بە(ئەبوبەكر چەكوشەی) كوڕی محەممەد لە دێی چەكوشەی ناوچەی گەوركی سەقز لە ساڵی ١٣٤٢دا لەبنەماڵەیەكی ڕەنجدەر لە دایك بوو. چەند ساڵێكی خوێندنی سەرەتایی خوێند، پاشان بۆی نەكرا كە درێژە بەخوێندنی بداو لەگەڵ كەسووكاری خەریكی كشتوكاڵ بوو. لە زستانی ١٣٥٨هاتە ڕیزی هاوباوەڕانی سازمانی خەباتەوە، ماوەی دوو ساڵ و پێنج مانگ پێشمەرگایەتی كرد پاشان لەبەر هێندێك گیروگرفتی خێزانی چووەو ڕیزی پێشمەرگایەتی بە جێهێشت، بەڵام لەسەر باوەڕی خۆی جێگیربوو و پەیوەندی بە سازمانی خەباتەوە نەپچڕی و نزیك بە سێ ساڵ خەریكی كارو ژیان ئاسایی بوو، ئەو ماوەیە دڵی هەر لە لای هاوباوەڕانی بوو، تا لە ٥ ی سەرماوەزی ١٣٦٤دا هاتەوە ناوڕیزی پێشمەرگایەتی و چەكی خەبات و تیكۆشانی  لە سازمان دا هەڵگرتەوە و بە ئیمانێكی پتەوترو بڕیاری لێبڕاوانە دەستی كردەوە بە كار لە مەڵبەندی ٣ی سازماندا و دوای ماوەیەك بوو بە فەرماندەی لقی شەهید تەها سوور. شەهید ئەبوو بەكر لە جەنگەكانی زستانی ١٣٥٨و بەهاری ١٣٥٩ لە كامیاراندا چەند مانگێك هاوبەشی كردو هەروەها لە جەنگەكانی ساڵی ١٣٥٩ و ١٣٦٠ لە ناوچەی بانە و بۆكان بەشدار بوو.
پێشمەرگەیەكی ئازاو لێهاتوو بوو شەهید ئەبووبەكر كە زۆر جێگەی هیوای شۆڕش و ورەی پێشمەرگەكانی هاوڕێی بوو بە داخێكی گرانەوە لە بەیانی ١٣٦٥/٤/٧ دا لە شەڕێكی چەند ساعەتی دا كە لە پشت دێی ساڵوكی ژوورووی ناوچەی بانە كرا، دژمن زیانێكی زۆری لێكەوت، بە گوللەی تۆپی سەدو شەش، لەگەڵ هەڤاڵی عەبدوڵا نستانی پێکراو گیانی فڕی بۆ کۆڕی شەهیدان، تەرمی پیرۆزی لە گۆرستانی ساڵوكی خواروو لەناو كۆڕی گۆڕی شەهیدانی سازمانی خەبات نێژرا.
شەهید عەبدوڵا محەممەدی ناسراو بە (عەبدوڵا نستانی) 
كۆڕی ئەحمەد لەساڵی ١٣٤٣دا لە بنەماڵەیەكی وەرزێر لە دێی نستان لە دایك بوو. لەبەر ناجۆری ژیانی بنەماڵەكەی و نەبوونی ئیمكاناتی خوێندن نەیتوانی بخوێنێ. كاك عەبدوڵا لە منداڵییەوە بە پاكی وچاكی بار هاتبوو بە پاكی و دروستكاری مایەوەو ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ لێی زیاد دەكرد. شەهید عەبدوڵا هەستی بە ستەملێكراوی گەلی كورد دەكرد. لە سەرەتای شۆڕشەوە پەیوەندی لەگەڵ سازمانی خەبات بوو، تا ١ی/ جۆزەردانی/ ١٣٦٢ دا هاتە ناو تەشكیلاتی سازمانی خەبات لە ناوچەی سەردەشت و زۆر بە پاكی و لێبوردوویی ئەركی پێشمەرگایەتی بەجێ دەهێنا. شەهید عەبدوڵا پێشمەرگەیەكی دڵسۆز و بەرهەست بوو، بەوپەڕی بێدەر بەستیەوە لەناو سازمان دا بەرهەڵستی ناڕەواو نا دروستی بوو.
شەهید عەبدوڵا دوور بوو لە هەموو ناڕێكی وبێ نەزمی، بە جۆرێكی وا دڵسۆزو تێكۆشەرو جێگەی متمانەبوو. شەهید عەبدوڵا پلەی سەر دەستەی سەر پێی ئەسپێردرا، بەڵام نرخێكی مەسئولێكی بەرزی لە باری دڵسۆزی و قسە دروستییەوە بۆ دادەنرا. شەهید عەبدوڵا لە جەنگەكانی سازمانی خەبات لە ساڵەكانی ١٣٦٢و ١٣٦٣و ١٣٦٤ لە ناوچەی سەردەشت بەشداری كرد و هەروەها لە جەنگەكانی ١٣٦٥ لە ناوچەی بانە تا ڕۆژی شەهید بوونی هاوبەش بوو. شەهید عەبدوڵا پێشمەرگەیەكی لەخۆ بردوو چاونەترس بوو. بە داخێكی گرانەوە لە بەیانی ٧ی /پووشپەڕی/ ١٣٦٥ لە پشت ئاوایی ساڵوكی ژووروو لەناوچەی بانە لە گەڵ هەڤاڵێكی تێكۆشەری بە ناوی ئەبوبەكر چەكوشەیی بە گوللەی سەدو شەش پێكراو گیانی بە ئیمانی فڕی بۆ ناو هەڤاڵانی لە بەهەشتی شەهیدان و تەرمی پیرۆزی هەر دووك لاوی قارەمان لە گۆڕستانی ساڵوكی خواروو لەناو كۆڕی گەرمی شەهیدانی سازمانی خەبات نێژران و چونە لای براكانیان شەهید جەماڵ عەبباسی و شەهید عابید فەیزیان و شەهید ئەمیر مەریوانی و ئەستێرەی ٥پەڕی شەهادەتیان پێك هێنا.

1 مانگ و 28 ڕۆژ و 6 کاتژمێر و 41 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

شەهیدان ئەبوبەكر محەممەدی و عەبدوڵا محەممەدی

شەهیدان ئەبوبەكر محەممەدی و عەبدوڵا محەممەدی

به‌سته‌ره‌ گرنگه‌کان


به‌‌‌سته‌‌‌ره‌‌‌ گرنگه‌‌‌کان lلێره‌‌‌ بنووسه

تێکۆشان


ناونیشان...



ناونیشانی
ناونیشانی
ناونیشانی
ناونیشانی