تێکۆشان
ڕۆژنامه‌ و میدیایه‌کی ئه‌له‌کترۆنیه‌.
       

چراکانیان کوژانەوە!

چراکانیان کوژانەوە!
شێرکۆ بێکه‌س

چراکانیان کوژانه‌وه‌ یه‌کێک له‌ هۆنراوه‌ به‌پێزه‌کانی شاعیری ناوداری کورد شێرکۆ بێکه‌سه‌.

شەوێک بوو هاوین باوێشکی تێدا ئەدا
شەوێک بوو بۆنی بێهۆشیی لێ ئەهات و
شەقام.. گێژ و
مێژووم.. گێژ و
لەو شەوەدا
مانگ خەمی دابوو بە خۆیدا و
«گۆیژە» چاوی بە وەنەوز و
درەخت بە پێوە نووستبوو!
لەو شەوەدا
شەمشەمەکوێرەی شارەکەم
بە دانی تیژی تاریکیی
کەوتنە رووناکی قرتاندن
چراکانیان کوژانەوە و
من ئازادیم تاریک داهات!
لەو شەوەدا
چراکانیان کوژانەوە
تا تەوری بەرماڵ لە کۆڵ و
تا شمشێری دەس نوێژگرتوو.. بێنە ژوورێ و
وەک تارمایی بە ناو خەوما یەک یەک رەت بن!
چراکانیان کوژانەوە..
هاتنە ژوورێ.. سابرێنە شیر بە دەستەکان.. هاتنە ژوورێ
«بە سواری تۆپی رەمەزان هاتنە ژوورێ»
سێ سەد کیلۆمەتری دڵمیان بڕی و هاتنە ژوورێ
«بەرەو هەواری «ئەی رەقیب» کەوتوونە ڕێ»
سێ سەد کیلۆمەتری چاومیان بڕی و هاتنە ژوورێ
«بەرەو پەڵە گوڵجاڕێکی خوێنی «قازی» کەوتوونە ڕێ»
سێ سەد کیلۆمەتری ڕۆحمیان بڕی و هاتنە ژوورێ
«بەرەو گۆمێکی بچووکی شیعری هێمن کەوتوونە ڕێ»
چراکانیان کوژانەوە..
سەدان چیای بێوەژن و سەدان جۆگەی جوانەمەرگ و
سەدان دەشتی ژانی منیان پێچایەوە و.. هاتنە ژوورێ.
من هەر دوێنێ
هەر دوێنێ شەو
پەنجەکانی خۆم داگیرسان
بۆ کەوەکانی «ئاڵوەتان».
من هەر دوێنێ
هەر دوێنێ شەو
باڵای خۆم کرد بە شمشاڵ و
شمشاڵم دایە دەست «بۆکان».
سەری خۆم کرد بە شاپڵیتە و
شاپڵیتەم دایە دەست سنە و
خوێنی خۆم کرد بە جۆگەلە و
کردمە سەر «موکریان».
بەڵام ئەمشەو چراکانیان کوژانەوە
لەو شەوەدا
لە دووڕییانی هەولێر و «تەق تەقا» بوو
«کۆیە» سەری خۆی ون کرد و
«حاجی قادر» بۆی ئەگەڕا.
لەو شەوەدا
لە دووڕییانی هەولێر و تەق تەقا بوو
شیعرەکانم قووقەی سەربڕاوی خۆم بوون
بە چواردەوری بێدەنگیدا ئەخولانەوە.
لەو شەوەدا.. شیعرەکانم
بووبوون بە پەیکەری «پی» و
بە گەرمای شەرمەزاریی خۆم ئەتوانەوە!
لەو شەوەدا»


2 ساڵ و 25 ڕۆژ و 7 کاتژمێر و 46 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

چراکانیان کوژانەوە!

چراکانیان کوژانەوە!

به‌سته‌ره‌ گرنگه‌کان


به‌‌‌سته‌‌‌ره‌‌‌ گرنگه‌‌‌کان lلێره‌‌‌ بنووسه

تێکۆشان


ناونیشان...



ناونیشانی
ناونیشانی
ناونیشانی
ناونیشانی