تێکۆشان
ڕۆژنامه‌ و میدیایه‌کی ئه‌له‌کترۆنیه‌.
       

سەروەرانی گەل شەهیدان، جەلال سلێمانی وشەهید جەلال فاتمی

سەروەرانی گەل شەهیدان، جەلال سلێمانی وشەهید جەلال فاتمی
یادی سەروەران

((  یادی سەروەران )) 

یادی سەروەرانی گەل شەهیدان، جەلال سلێمانی وشەهید جەلال فاتمی...

نوسینی: مامۆستا پەژار
بەهاری زنوێرو جێژنی بولبولی دەم بە بلوێر هات. بەهار دیمەنی زەوی دەرەنگێنێ، بولبولیش لەسەر تۆڵی نەرم خۆڕادەژێنێ، بە بەهار و ئەو دیمەنە رەنگینە هەڵدەخوێنێ. بە گوڵانەوە دەگەڕێ، هەرساتە هەوایەك دەخوێنێ وبە هەوایەك هەڵدەپەڕێ. كوێ خۆش بوو، دڵی لێی خۆش بوو، لێی دەمێنێتەوە ، چ ڵاپەڕەیەكی لە دیمەنی پێ جوان بوو دەیخوێنێتەوە، لەسەر لێوی جۆ باران بە سەری نەخشینی وكلكی ڕەنگینی ئەڵا جوقێنێ دەكات. بە دەسماڵی كلكی، ئاوەنگی روومەتی گوڵان دەسرێ و بە دندوكی بچووكی بۆ غونچەی ساوا پس پس دەكا وەبزەی دێنێ. ئەو ئەویندارە بەڵام بە ئاوازو ساز ئەویندارە، نەدڵ بریندارە تا كوێستان گوڵی ما، لە کۆێستانە تا کاتێک زریانی پاییز وشووی لێ كرد،ئەو کات خۆ ناگرێ، لە گەڵارێزان دەترسێ وپیِی وایە هەموو زەرد ورەنگاورەنگێك دەوەرێ. نە لەسەر تەرمی وەریوی گوڵ دەوێستێ ونە لە پرسەی خانەوادەی پنجی گوڵدا هاوبەشەو نەپەژارە دایدەگرێ ونە ئاگری دووری گوڵ لە دڵی دەگرێ تا گوڵ هەیە بولبول هەیە، كە گوڵ هەڵوەری ئەویش لەگەڵ مەلان دەبێتە كۆچەر و دەڕواو ئاورناداتەوەیاری كۆن وشیعر وئاوازی لەبیر دەباتەوە. بولبول ئەوین دارە تا بەهارەو گوڵ دیارە نە دڵی داخ بووە بە ئەوین ونە لە مەرگی یاریدا دەكەوێتە شین. نە بۆی لە قوڕ دەنیشێ ونە پەژارەی دووری دەكێشێ. ئەوینداری بە ڕاستی پێشمەرگەی كوردستانن كە وەك پەروانە خۆ لە دەوری كوردستان دەگێرن. بە باوەری شۆڕشی كوردستان دەسووتین ودادەمرن، پەپولەی گیان لەسەر دەست و بولبولی دەم بە سروود و هەڵبەست وهەڵۆی بە سام وسەربەستن . پارێزەری نیشتمانن وبە گیانیان ئەوینداری گوڵ نین ئەوینداری نیشتمانن بە دیار نیشتمانەوە هەن تا بە یەكجاری سەر دەنێنەوە. یاری وان گوڵزاری كوردستان نییە كوردستان یاری وانە نە بەهار شیرینتری دەكاو نە بە پاییزو زستان بە چاو دەبێزرێ. ئەو كوردستانە یاری بە ئەمەكی كوردەواریێەكە، بە كوردستان هەڵدەخوێنن وسەری لەپێناو دادەنێن. شلكە لاوی كورد كە باڵای نەونەمامیان لەنەمامی باغی ساوا نامێنێتەوەو چاوی گەشیان نێرگی ڕەش دەبەزێنێ. باڵای خۆیان لە مەیدانەكانی خەباتدا ڕادەنێن، تا نەمامێكی كوردستان لار نەبێتەوە ونرگیسی چاویان بۆ هەتا هەتایە لێك دەنێن كە نێرگسی كوێستانی كوردستان نەش فڕێ. سینەیان دەكەنە پاردە لە بەرانبەر داگیركەرانی نامەرددا، لەشی بە خوێن شەڵاڵیان لەبن بەرد بە بەردی كوردستان دەكەوێ وخوێناوی تێكەڵ بە گوڵاوی ئاوی لەشیان، داری ئازادی پاراو دەكا. لەگەڵ لای لایە بەگوێ دادەدرێ، بولبولی سروودن وپەروانەی فیداكارین، هەڵۆی پارێزگارین و وردو درشتیان كێوی خەباتن ولوتكەی بەرزی ئاواتن . ڕیزەكانی خەباتی كوردەواری ،پڕن لە داوخوازی مێرمنداڵ كە دڵیان پڕە لە هەستی نیشتمان پەروەری ، تیغی دەبانن وخۆ لە كالان دارا ناگرن. كاروانی شەهیدانی خەبات رازاوەیە بە شلكەلاوی لەخۆ بردوو كە بە حەماسەیان ماندوان دەحەسێنەوە و تەزیوان دەبوژێنەوەو بەزیوان هەڵدەبڕنەوە. لەوانە باسی دوو شلكەلاوی كوردستان و دووپاڵەوانی مەیدانی خەبات دەكەین كە بەدڵی گەرمی پڕ لە حەماسە وهەستی شۆڕشگێریەوە هاتنە ناوریزی خەباتی خوێناویەوەو بە كولیك ئاواتی رزگاری گەل وئازادی كوردستان سەربەستی وسەربەخۆییەوە، رێبازی خەبات وموبارزەیان گرتەبەر، ئەو دوو لاوە كە هاو ناوو و هاو باوبوون ودڵیان بە یەك دەكراوە، دەروازەی شەهادەتیان بە یەكەوە لێ كراوە. شەهید جەلال سلێمانی كوڕی حەمەرەسوڵ لە ساڵی (١٣٤٩)ی كۆچی خۆری لەدێی میراوای ژورو لە ناوچەی بانە لەدایك بوو. دوو ساڵە بوو كە باوكی رەنجدەری چاوی بە یەكجاری لێك ناو چوار كوڕی لە دوا بە جێ ما، كە شەهید جەلال سێهەمیان بوو. مامەكانی داش داریان كردن. شەهید جەلال لە شەش ساڵیدا چووە قوتابخانەوە تا دەورەی راهنمایی درێژەی بە خوێندن دا،لە پاشان هێندێ هەل ومەرج بەری لە درێژەدانی بە خوێندن گرت. لە یەكەمی ڕەشەممەی (١٣٦٤)هاتە ناو ریزەكانی سازمانی خەباتەوە. دوای راهێنان وبارهێنان نێردرایە ناو لقی شەهیدانی ساوان ، سەر بە مەڵبەندی یەک. شەهید جەلای فاتمی : كوڕی شەریف لە ساڵی (١٣٤٩) دا لەدێی سونجی ناوچەی بانە لە دایك بوو. لە شەش ساڵیدا چووە قوتابخانەو سەرەتایی خوێند، پاشان لە (٥)ی خەزەڵوەری (١٣٦٤)دا هاتە ناو ریزەكانی سازمانەوە. دوای ئەنجامدانی دەورەی زانكۆ، نێردرایە لقی(شەهیدانی ساوان)سەر بەمەڵبەندی یەک. لە شەری قەبەغلوی سەقز وسیتویچی بانە لە ساڵی (١٣٦٥)ی هەتاوی دا زۆر قارەمانانە بەشداری كرد وا كە بەتەواوی خۆی دیاری كرد.
تا ئەو جوتە لاوە كە هیواو هومێدی هەڤاڵان بوون.لە شەوی ٥ی پوشپەڕی (١٣٦٥)لە مزگەوتی (زەربەنێ)ی ناوچەی بانە بە گوللەی ناپاكانی خۆفرۆش لە میحرابی مزگەوتەكەدا بەجووت پێكران وگیانی پاكیان بۆ كۆڕی شەهیدانی سوورخەڵاتی كوردستان فڕی وتەرمی پیرۆزیان، گۆڕی شەهید تەهاسوور وشەهید كەریم زەربەنێ وشەهید هەڵمەت و شەهید نوری یان ئاوەدان كردووە ولای وان لە گۆڕستانی زەربەنێ نێژران.
((هەزاران سلاو لە گۆڕی رووناك و گیانی پاكیان بێ ورێیان كوێر نەبێتەوە))       

 

2 مانگ و 9 ڕۆژ و 12 کاتژمێر و 6 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

سەروەرانی گەل شەهیدان، جەلال سلێمانی وشەهید جەلال فاتمی

سەروەرانی گەل شەهیدان، جەلال سلێمانی وشەهید جەلال فاتمی

به‌سته‌ره‌ گرنگه‌کان


به‌‌‌سته‌‌‌ره‌‌‌ گرنگه‌‌‌کان lلێره‌‌‌ بنووسه

تێکۆشان


ناونیشان...



ناونیشانی
ناونیشانی
ناونیشانی
ناونیشانی