تێکۆشان
ڕۆژنامه‌ و میدیایه‌کی ئه‌له‌کترۆنیه‌.
       

سەروەری گەل: شەهید سەیید عەبدولكەریم حوسەینی

سەروەری گەل: شەهید سەیید عەبدولكەریم حوسەینی
یادی سەروەران

یادی سەروەران
یادی سەروەری گەل: شەهید سەیید عەبدولكەریم حوسەینی
دڵەكەم دڵە پڕ لە كوڵەكەم! دڵە پڕ لە هەستەكەم، هەستە لە خەوی خەم و پەژارە، چاو بگڵۆفە بزانە چ دیارە. تەمی خەمڕادە بە هەناسەی ساردی كوردی ئاوارە. سیخواری پەژارە لە پێڵوی خوێنی تێچزا و برژانگی ژەنگاویت بە دەسرەی وەسڕە. سەر هەڵێنە بروانە كاروانی دڵانی پڕ لە كوڵ عادڵانی بە باوەڕ. باوەڕی پڕ بە دڵ، كاروانی ئەوینداری خەبات دەبزون ئارام و مات و خەمگین و تا بڵێی بە ورە و سەنگین، كەوتونەڕێ لە كوێوە بەرە و كوێ. لە كوردستانەوە لە گەرمێن و كوێستانەوە بەرەو چەمی زاخە. كە سەر زمانی ئاخ و داخە، سروەی بای بەرە بەیانی ٢١ی خەرمانان، هەواڵی پێداون هەواڵی دڵ تەزێنی بۆ هێناون، دەم بە خوێن كە چەمی زاخە بۆتە قۆناغی حەسانەوەی یەكجاری، قارەمانی بە ئیمانی كوردەواری، هەواڵی داوە كە ڕۆڵەی بە ئەمەگی كوردستان، تەرمی پڕ لە زامی كۆن و نوێ بە پیری دەست بە تیرۆكەوانی كەوانە دۆڵ سپاردووە و گیانی بەرزی بەرە و بەهەشتی شەهیدان و جێی ڕەحمەتی یەزدان لە شەقەی باڵی داوە، هەواڵی داوە كە چەمی زاخە ڕەنگاوە بە خوێنی قارەمانانی كورد و هەڤاڵانی دڵ بە ئیمان، سروەی بەرەبەیانی ٢١ وێنەی دەرد و دۆڵی ڕەنگاو بە خوێنی چەمی زاخە نواندوە كە بە خوێنی پاكی شۆڕە لاوان، قامیشەڵانی دێر دێر ڕەنگاوە، ئاڵای ئازادی كوردستانە هەڵكراوە، یان دێر دێری قارەمانی و شانازی شەهیدانە لەسەر باڵی قامیشەڵان نووسراوە. یان كۆتەڵی بەژن بە شێر داخە بۆ شەهیدانی چەمی زاخە، بڕوانە! پۆل، پۆل دڵی قارەمان پەروەری كوردستان بەرەو تەرمی گەرمی شەهیدانی ٢١ خەرمانان دەڕۆن، كەی دوای دیداریان لەگەڵ ڕۆڵەی بە ورە و گیان لە سەردەستی كوردستان، خۆشەویستی كورد خۆشەویستان پێك بهێنن، دەڕۆن كە وێنەی تەرمی لە خوێندا شەڵاڵی ڕۆڵەی بە ناوبانگی شۆڕشی كوردستان بگرن، بیكەنە بەڵگەی بیرەوەری لە شان هەڤاڵی قارەمانیەكانی كە لاپەڕەكانی توێ توێی دڵانیان پڕ كردۆتەوە، دەڕۆن بگەنە تەرمی شەهید (( سەید عەبدولكەریم حوسەینی )) كە ئازادی خوازانی كوردستان دەیانناسی و كۆڕ دە ڕەنگان بە باسی. ئەو ڕۆڵە بە نرخەی كوردستان كە تا بڵێی قارەمان بوو، تا بڵێی دلێر بوو، ورەی دڵی خەباتگێڕان بوو، خۆشەویستی پیاو و ژن، پیر و جەوان بوو، پڵینگ و شێر بوو، وریا و بێ ڕیا و بە بڕیار و دەست بە كار بوو، ورەی دڵی پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان بوو، ژیانی ژانی نەویستانی كورد و كورد فرۆشان بوو، مەرگی جێژن و شادمانی ئەوان بوو، زۆریان خەون بە نەمانیەوە دەدی، درۆ بوو، تا لە ٢١ خەرمانان خەونیان هاتە دی. بەڵێ خەرمانان بوو بە شادی نەویستانی كورد و كوردستان و خوێنمژ و هەل پەرەستان، بەڵام لە ڕاستیدا بوو بە خەرمانانی شانازی كورد و شۆڕش و پێشمەرگە و سازمانی خەبات، مانگی خەرمانان كە سەرەتاكەی بە جێژنی دامەزراندنی سازمانی خەبات، دەست پێ دەکا، دواییەكانی بە شانازی لە خۆبردوون و گیان بەختكردنی ئازیزترین ڕۆڵەكانی سازمانی خەبات دوایی هات، جێژنی سازمانی خەبات لە ٥ی خەرمانان گیرا، بەڵام ئەستێرەی ٥ پەڕی شانازی لە سەرەتای سێهەمین دەیەی ٢١ خەرماناندا، لە چەمی زاخە سەری هەڵدا و لە قەندیلی سەربەرزەوە پێی لە عەرز بڕی و بوو بە ئەستێرەی ڕۆژی ڕزگاری كوردەواری و درەوشایەوە، سەر كاروانی شەهیدانی خەرمانانی سازمانی خەبات ( سەید عەبدولكەریم حوسەینی) یە كە ژیانی شانازی بوو بۆ سازمانی خەبات و خەباتگێڕی كوردستان و شەهادەتی سەربەرزی پێشمەرگەی خەبات و دەستمایەی شۆڕشی كوردستانە، شەهید سەید عەبدولكەریم حوسەینی لە 26 ی بانەمەڕی ١٣٣٧ لە خانەوادەیەكی ڕابەری ئایینی و شۆڕشگێڕی كوردپەروەر لە گەڕەكی خوارووی شاری بانە لە دایك بوو، لە شەش ساڵیەوە دەستی كرد بە خوێندنی قورئان و لە ٨ ساڵیدا نێردرایە قوتابخانە، دوازدە كلاسی خوێند كە شۆڕشی دژ بە شا لە ئێران دەستی پێكرد.
باوكی یەكێك بوو لەبەرچاوانی ئەو ڕاپەڕینە لە كوردستاندا، شەهید سەید عەبدولكەریم لە منداڵیەوە هەستی بە ستەمی نەتەوایەتی دەكرد بە پێی ئامۆژگاری و ڕێ نوێنیەكانی باوكی هەستی شۆڕشی ئازادیخوازی و كوردایەتی گەشەی كرد و بە گەرمی وێڕای باوكی و ڕۆڵە بەشەرەفەكانی شارەكەی لە شۆڕشی دژی شایەتیدا هاوبەش بوو. شەهید سەید عەبدولكەریم ڕۆڵەیەكی چاونەترس و بە بڕیار و لێبڕاو بوو، ڕۆژی ١٦ی ڕێبەندانی ١٣٥٧ كە دژمن هێرشی بۆ ناو شاری بانە هێنا بە دەمانچەوە لە پارێزگاری شاردا هاوبەشی كرد. شەهید سەید عەبدولكەریم لە كامیاران و جادەی سەقز و سنە و شاری سەقز و دۆڵی میرەدێ و بۆكان و چۆمی مەجیدخان و سەردەشت و هەموو جێگەیەكی ناوچەی بانە لە شەڕدا بوو و لە زۆربەی قارەمانەتی و گیانبازی هاوبەشی كردوە. شەهید عەبدولكەریم لاوێكی پاكی دوور لە كردەوەی خراپ و پڕ لە مەردانەگی و پاكی بوو. بۆ هەموو نەتەوەێک یاریدەدەر، خۆی بۆ كورد دەویست و توانای بۆ كورد بەكار دەهێنا .شەهید سەید عەبدولكەریم حوسەینی خەڵكی پارچەکانی كوردستانی وەك برای خۆی خۆشدەویست ومتمانەی برای دڵسۆزی بوو. شەهید سەید عەبدولكەریم بەڕاستی ئەستێرەیەكی درەوشاوەی ئاسمانی كوردەواری بوو چرای تاریكی شەوگاری دەربەدەری و لێقەماوی بوو، ڕۆڵەی تەنگانە بوو گرێ پوچكەی تەنگانەی بە دەست دەكردەوە، شەهید سەید عەبدولكەریم لاپەڕەكانی مێژووی كوردستانی ئێرانی بە حەماسەی خۆی پڕ كردون و وێنەی ڕەزا شیرینی خۆی كردە تابلۆی كوردایەتی لە دڵی كوردپەروەراندا. شەهید عەبدولكەریم قارەمانییەكانی و شانازییەكانی كردە هیوا و هومێدی دڵی كوردی كوردپەروەر و نیشتمان پەروەری كوردستان و داخ لە سەر دڵی دوژمنان و خۆفرۆش و هەل پەرەستان. شەهید سەید عەبدولكەریم لە دڵی شارەزایاندا زیاتر لەوەی كە گوتراوە، گەشترە لەوە كە نووسراوە، باسی گەرمی حەماسە دای دەگرێ، شەهید سەیید عەبدولكەریم دیمەنی لە دڵان دایە ئەو لە دڵی میللەتی كورددایە و ( نامرن ئەوانە وا لە دڵ میللەتا ئەژین ) شەهید سەید عەبدولكەریم هەزاران داخی بە دڵی دوژمنانی كورد و نۆكەرە ئاڵقە لە گوێ كانیان داناو و ڕێی شەهادەتی هەر لە ڕۆژانی بەرێڕا بۆ خۆی هەڵبژارد و بە شانازییەوە بەرە و پیری چووە، كوا دەتوانن بە گۆڕاو گۆڕ كردنی تەرمی پیرۆزی قەوارەی بەرینی دڵیان سارێژ كەن.
شەهید سەید عەبدولكەریم كە خۆشەویستی كوڕانی بە شەرەفی كوردەوارییە، هەتا زۆرتر دوژمن داخی خۆی بە تەرمی پیرۆزی بڕێژێ زۆرتر تین و داخ لەو دژمنە و نۆكەرو ئاڵقە لە گوێكانی لە دڵی ئەو رۆڵە بە شەرەفانەدا گەرم دادێ و زۆرتر شێلگیرتر دەبن لەسەر درێژەدان بە ڕێبازی ئەو و هەڤاڵانی لە ڕێی خەبات و شەهادەتدا.
پیرۆز بێ یادی حەماسەكان و قارەمانییەكانی شەهید سەید عەبدولكەریم چۆڵە چرای دڵی ڕۆڵەكانی كوردەواری.
پیرۆزبێ پیرۆزتر بێ تەرمی گۆڕاوگۆڕ پێكراوی شەهید سەید عەبدولكەریم و هەڤاڵانی، ئاوەدان بێ ڕێی پڕ لە شانازی ڕێی خەبات و موبارزە، سەركەوتوو بن میرات گران و تۆڵە ئەستێنی شەهیدانی كوردستان.
2 مانگ و 12 ڕۆژ و 16 کاتژمێر و 11 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

سەروەری گەل: شەهید سەیید عەبدولكەریم حوسەینی

سەروەری گەل: شەهید سەیید عەبدولكەریم حوسەینی

به‌سته‌ره‌ گرنگه‌کان


به‌‌‌سته‌‌‌ره‌‌‌ گرنگه‌‌‌کان lلێره‌‌‌ بنووسه

تێکۆشان


ناونیشان...



ناونیشانی
ناونیشانی
ناونیشانی
ناونیشانی