شەش کەس لە چالاکانی ژن بە ناوەکانی جیلوە جەواهیری، نگین ڕەزایی، ئازادە چاوشیان، فرووغ سەمیعنیا، مەتین یەزدانی و شیوا شاە سیاە کە ساڵی ڕابردوو گیرابوون و سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرابوو، بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکرانەکەیان سەر لە نوێ گیران و بۆ بەندیخانەی لاکانی ڕەشت گواسترانەوە.
بەپێی ئەو سزایەی کە مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ لەلایەن لقی سێی بێدادگای بەناو شۆڕشی شاری ڕەشت بە سەرۆکایەتیی مێهدی ڕاسخ دەرکرابوو، شیوا شاە سیاە خەڵکی لاهیجان، نگین ڕەزایی خەڵکی فوومەن، فرووغ سەمیعنیا، مەتین یەزدانی و ئازادە چاوشیان خەڵکی ڕەشت، هەر یەک بەتۆمەتی "پێکهێنانی باند و گرووپ بەمەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات" ٣ ساڵ و ٦ مانگ و ١ ڕۆژ بەندکران، بەتۆمەتی "ئەندامبوون لە گرووپە نایاساییەکان" ٢ ساڵ و ٧ مانگ و ١٦ ڕۆژ و سەرجەم هەر یەک سزای ٦ ساڵ و ١ مانگ و ١٧ ڕۆژ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە کە بەپێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، سەختترین سزا واتا ٣ ساڵ و ٦ مانگ و یەک ڕۆژ بەندکرانیان بۆ جێبەجێ دەکرێت.
هەروەها جیلوە جەواهیری خەڵکی ڕەشت، تۆمەتبارێکی دیکەی ئەو دۆسیە هاوبەشە بە تۆمەتی "چالاکی تەبلیغی دژ بە حکومەت" سزای یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.