ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی پووشپەڕی ١٤٠٣، سەیوان ئیبراهیمی، مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆمەڵەی فەرهەنگی-کۆمەڵایەتیی "نۆژین" پاش بانگهێشتکردنی بۆ بێدادگای سنە گیرا و بۆ تێپەڕاندنی سزای هەشت مانگ زیندانییەكەی بۆ زیندانی سنە ڕاگوێزرا. جێگەی باسە کە ناوبراو ڕۆژی دووشەممە ٤ی پووشپەڕی ١٤٠٣ دوای تەواو کردنی ماوەی یەک ساڵ زیندانی بە تۆمەتی ساختەی "تێکدانی نەزمی گشتی" لە زیندانی سنە ئازاد کرا.
ڕۆژی یەکشەممە ٣ی پووشپەڕی ١٤٠٣، حوکمی نارەوای ١٠ ساڵ زیندانیکردن سەیوان ئیبراهیمی بە تۆمەتی وەپالنراوی"پێکهێنانی گرووپ و دەستە بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات" لە بێدادگای تێهەڵچوونەوە هەڵوەشایەوە و ناوبراو لەو تۆمەتە بێتاوان دەرچوو. هەروەها سزای یەک ساڵ زیندانی بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی رژیم" بۆ هەشت مانگ زیندانی کەم كرایەوە.