ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕۆژی دووشەممە ٢١ی جۆزەردان ۱۴۰۳ ڕایگەیاندووە لە مانگی مەی ۲۰۲۴زائینی دا، لانیکەم ٦٤ كەس لە بەندیخانەکانی ڕژیم دا لەسێدارە دراون. ٣٥ کەس لەم ٦٤ کەسە بە تۆمەتەکانی گرێدراو بە ماددە هۆشبەرەکان و ٢٦ کەس بەتۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست و ٢ کەس بەتۆمەتی چەکهەڵگرتن دژی ڕژیم و یەک کەسیش بەتۆمەتی دەستدرێژیکردن لە سێدارە دراون.
لە شیکاریی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە لەم ٦٤ کەسە، ٦ کەس لە هاووڵاتییانی بەلووچ بوون و ٤ کەسیش کورد بوون و هەروەها ٤ ژنیش لەنێوان لەسێدارەداراوەکاندا بوون.
بەپێی ئەو ڕاپۆڕتە ڕژیمی ئێران تەنیا لە ماوەی ٥ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ی زایینیدا ٢٣٧ کەسی لە سێدارە داوە.
پێشتریش ڕێکخراوی لێبوردنی نیونەتەوەیی لە ڕاپۆرتێکدا لەژێر ناوی "ڕێگە مەدەن بمانکوژن" باسی لە، لەسێدارەدانی ٨٥٣ کەس لە ساڵی ٢٠٢٣ی زایینیدا کردبوو کە لەچاو ماوەی ٨ ساڵی پێش خۆی بێوێنە بووە.