تێکۆشان
ڕۆژنامه‌ و میدیایه‌کی ئه‌له‌کترۆنیه‌.
       

بەرێوەچوونی پلۆنۆمی دووه‌می کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی حه‌وتەمی،سازمانی خەبات

بەرێوەچوونی پلۆنۆمی دووه‌می کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی حه‌وتەمی،سازمانی خەبات
دەنگی خەباتی کوردستان

یەکێک لە کارو به‌رنامه‌ی پلۆنۆمی دووه‌م، که‌ له‌ ئاخرین کۆبونه‌وه‌ی کومیته‌ی ناوه‌ندی و ئه‌نجومه‌نی سه‌رکردایه‌تی سازمانی خه‌بات بڕیاری له‌سه‌ر درابوو، به‌ڕێوه‌بردنی پلۆنۆمێکی فراوان و به‌رین بوو به‌، به‌شداری كردنی چەند كەس له‌ ئه‌ندامانی چالاک و کادره‌کانی سازمان له‌ کوردستان و ده‌ره‌وه‌ی وڵات. پلۆنۆم به‌ مه‌به‌ستی ئاگاداری زیاتری ئه‌ندامانی سازمان، له‌ بارەی به‌رنامه‌ و کارو تێکۆشانی كومیتەی ناوەندی لە نێوان دوو پلۆنۆم و باسکردن له‌سه‌ر ئه‌رک و کاره‌کانی کۆنگره‌ی ٧ی سازمانی خه‌بات و گوێگرتن بۆ نه‌زارات و بۆچوونی ئه‌ندامان و به‌ره‌وپێشچوونی کار و ئه‌رکه‌کانی سازمانی خه‌بات بەڕێوە چوو. 
 له‌و په‌یوه‌ندیه‌ش دا سه‌ره‌نجام پاش ئامادەکاریەکان، رۆژی شەممه ١٥ی بانەمەڕی ١٤٠٣ به‌رامبه‌ر به‌ ٤ی مانگی مەی ٢٠٢٤ پلۆنۆم به‌ ده‌قیقە‌یه‌ک بێده‌نگی و به‌پێوه‌ وه‌ستان بۆ ڕێزگرتن له‌ شه‌هیدانی سازمانی خه‌بات و ڕێگەی ئازادی و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان، به‌سروودی نه‌ته‌وایه‌تی ئه‌ی ڕه‌قیب ده‌ستی به‌ کاره‌کانی کرد.  
له‌ دووه‌م هه‌نگاوی پلۆنۆم دا، کاک بابه‌شێخ حوسەینی سکرتێری گشتی سازمانی خه‌بات ڕاپۆرتێکی سیاسی و ته‌شکیلاتی ورد و پڕ ناوەرۆكی  له‌سه‌ر سیاسه‌تی جیهانی و گرفت و کێشه‌‌‌کانی ده‌وڵه‌تانی خاوەن هێزی جیهان و گۆڕانکاریه‌کان له‌ جیهان و ناوچه‌‌که‌ دا پێشكەش كرد و ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد که‌ ئه‌مریکا له‌ سیاسه‌تی نه‌رمی نواندن و پاشەكشە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست هه‌ڵه‌ و شکستی گه‌وره‌ی کرد و به‌و كارەی، پشتیوانی لە‌ ڕه‌وتی دیموکراسی له‌ ناوچه‌که‌ به‌ره‌و لاوازی ڕۆیشت. له‌و په‌یوه‌ندیه‌ش دا مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی دیکتاتۆری ڕژیمی ئاخوندی، به‌شێکی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ نه‌رمی نواندنی ئه‌مریکا، له ‌به‌رامبه‌ر سه‌ره‌ڕۆیه‌کانی ڕژیم و ڕێگه‌دان به‌ ده‌ستێوه‌ردانی ئاژاوه‌گێڕی و پشێوی له‌ ناوچه‌که‌دا. 
له‌ به‌شێکی تری ڕاپۆرتی پلۆنۆم دا ڕێزدار کاک بابه‌شێخ ئاماژه‌ی به‌ هێرشی حه‌ماس بۆ سه‌ر ئیسرائیل و به‌رده‌وامی هێرش و داگیرکاری ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل کردو ڕای گه‌یاند که‌ ئه‌و ئاڵۆزیانه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خەڵكی فه‌له‌ستین نیه‌ و له‌و په‌یوه‌ندیه‌ش دا ژمارەیەك لە حكومەتەكانی ناوچه‌که‌ و له‌وانه‌ش ڕژیم، هه‌وڵی ئاژاوه‌گێڕی و ئاڵۆزبوونی پرسی نه‌ته‌وه‌یی فه‌له‌ستین ده‌ده‌ن. سازمانی خه‌بات باوه‌ڕی وایه‌ که‌ خه‌ڵکی ئازادیخوازی فه‌له‌ستین خاوه‌ن مافن و پشتیوانی له‌ بوونی حکومه‌تی فه‌له‌ستین له‌سه‌ر خاکی خۆیان ده‌کات، وه‌ هه‌میشه‌ش پێمان وابووه‌ که‌ ڕژیم به‌ خه‌می خه‌ڵکی فه‌له‌ستینه‌وه‌ نیه‌ و ده‌یهه‌وێ که‌ ئه‌م کێشه‌ به‌رده‌وامی هه‌بێ و له‌م ئاڵۆزیانه‌ش دا ئاژاوه‌گێڕی و پیلانگێڕی ڕژیم له‌ هه‌موو کات زیاتر بۆ خه‌ڵکی فه‌له‌ستین و ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌که‌ ده‌رکه‌وت کە ئەو ڕژیمە ده‌یهه‌وێ به‌ قوربانی کردنی خه‌ڵکی فه‌له‌ستین قازانج و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆی درێژه‌ پێ بدات.
لە بەشێكی دیكەی ڕاپۆرتی سكرتێری گشتی، باسی دەستێوەردانی ڕژیمی ئاخوندی و به‌رده‌وامی ئاژاوه‌گێڕی له ناوچه‌که‌و جیهاندا باسی لێ کرا کە رژیم ده‌یهه‌وێ سه‌رەنجی دنیایی ده‌ره‌وه‌ له‌ سەر کێشه‌ و گه‌نده‌ڵی و قه‌یران و شکسته‌ ناوخۆیه‌‌کان و هه‌روه‌ها هه‌وڵدانی بۆ دروستکردنی بۆمبی ئه‌تۆم به‌دوربگرێ. ڕژیمی ئێران به‌ دروستکردنی تاقم و ده‌سته‌ و گروپی چه‌کداری له‌ ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌که‌ دا، پەرە پێی ئەدات و بۆیە ئاژاوه‌گێڕیه‌کان و نائارامی درێژه‌ی هه‌یە. یه‌کێکی تر له‌ ئامانجه‌کانی ئه‌م ده‌ستێوردانانی ڕژیم له‌ ناوچه‌که‌ هه‌وڵی دژمنکارانه‌یه‌تی به‌رامبه‌ر به‌ گەلی کورد له‌ هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستان دا. ڕژیم بۆته‌ هۆی ئاژاوه‌ و ناکۆکی له‌ هه‌رێمی کوردستان و ده‌ست له‌ کاروباری ناوخۆیی حکومه‌تی عێراق‌، به‌زیانی گەلی  کورد وه‌رده‌دات. ڕژیم نایهه‌وێ که‌ هه‌رێمی کوردستان وه‌ک ناوه‌ندێکی دیموکراسی بەردەوام بێ‌ و به‌ره‌وپێش بچێ و به ‌ئاشکرا دژی سەروەریەکانی هه‌رێمی کوردستان هه‌وڵ ده‌داو ته‌نانه‌ت به‌ هێرشی درۆنەكان و موشه‌کیش هه‌وڵی ئاڵۆزی و نائارامی له‌ هه‌رێمی کوردستان دا ده‌دا، که‌ دیارترین نموونه‌ی ئه‌و هێرشانه‌ش هێرشه‌ مووشکیه‌که‌ی بوو بۆ سه‌ر شاری هه‌ولێر.
ته‌وه‌رێکی دیکه‌ له‌ ڕاپۆرتی پلۆنۆم ته‌رخان کرابوو بۆ جینایه‌ته‌کانی ڕژیم له‌ به‌رامبه‌ر خه‌ڵکی تێکۆشه‌ری ئێران و کوردستان و هه‌وڵی شکستخواردوانه‌ی ڕژیم بۆ شاردنه‌وه‌ی شکست و ده‌سه‌ڵاتی گه‌نده‌ڵی. له‌و په‌یوه‌ندیه‌دا سکرتێری گشتی ڕای گه‌یاند که‌ ڕژیم له‌ ناوخۆی ده‌سه‌ڵاتیدا تووشی قه‌یران بووه‌، چونکه‌ زۆرێک له‌ناو هێزه‌ سه‌رکوتگه‌ره‌کانی ڕژیمیش دا گه‌یشتوونه‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی که‌ ئه‌م ڕژیمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو زه‌بر و زۆریه‌ش که‌ به‌رامبه‌ر به‌ خه‌ڵک به‌کاری دێنێ له‌ ڕوخان و له‌ناوچوون نزیک بۆته‌وه‌. 
خه‌ڵکی ئێران و کوردستان به‌رده‌وام له‌ خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تی دان به‌رامبه‌ر به‌ ڕژیم‌ و بوێرانه‌ داکۆکی له‌ ماف و ئازادیه‌کانیان ده‌که‌ن، جەماوەری كوردستان سەرەڕای ئیعدام و نه‌هامه‌تی و ‌شکه‌نجه‌ و زوڵمیش ده‌بنه‌وه‌. خه‌ڵک ئاماده‌ نیه‌ چی تر له‌ ماف و ئازادیه‌کانی خۆی پاشه‌کشه‌ بکات. تێکۆشانی به‌رده‌وامی خه‌ڵک و وه‌ستانه‌وه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و ڕژیمه‌، دەسەڵاتدارانی رژیمی تووشی شکستی گه‌وره‌ کردوه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌ورۆز که‌وته‌ مانگی ڕه‌مه‌زانه‌وه‌ ڕژیم زۆر چەواشەکارانە هه‌وڵی دا بە ناوی پارێزگاری لە ئایینی ئیسلام هوڵی ناكۆكی لە نێوان چین و توێژەكانی خەڵك دا دروست بكات و لە ئاكامدا نه‌هێڵێ‌  جێژنی نه‌ورۆز بکرێ‌ و بەرزڕابگیرێ‌، به‌ڵام هه‌روه‌ک چاوه‌ڕوان ده‌کرا خه‌ڵک نه‌یانهێشت ئه‌و سیاسه‌ته‌ی ڕژیم سه‌رکه‌وێ و نه‌ورۆز زۆر به‌شکۆ و به‌باشی به‌ڕێوه‌ چوو. 
به‌داخه‌وه‌ به‌ بۆنه‌ی ١٠ی خاکه‌لێوه‌وه‌ ڕاگەیاندن درا و داوا لە خەڵک کرا که‌ مه‌ڕاسیمه‌کانی نەورۆز ڕاگیرێن، که‌ به‌خۆشحاڵیه‌وه‌ خه‌ڵک له‌سه‌ر داوای سازمانی خه‌بات و چەند لایه‌نی تر به‌رده‌وام بوون لە‌ به‌ڕێوه‌چوونی مه‌ڕاسیمه‌کان و به‌ربه‌ره‌کانی به‌رامبه‌ر به‌و ڕژیمه‌ دا.  
به‌ڕێز سکرتێری گشتی له‌ درێژه‌ی ڕاپۆرته‌که‌دا ڕایگه‌یاند که‌، هاوکاری و نزیکبوونەوەی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان و هاوکاری و ته‌بایی له‌گەڵ یه‌ک دا زۆر گرنگه‌ و پێویسته‌ له‌و پێناوه‌دا هه‌وڵی جدی و واقعی بدرێ. 
به‌داخه‌وه‌ هێز و لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانی کوردستان به‌گشتی ناته‌با و نا یه‌کگرتوون به‌تایبه‌تیش هێز و لایه‌نه‌کانی کوردستانی ئێران. ئێمه‌ وه‌ک هێز و لایه‌نه‌کانی کوردستانی ئێران زۆر گرنگه‌ که‌ یه‌ک هه‌ڵوێست بین. سازمانی خه‌بات باوەڕی تەواوی بە پێکه‌وه‌بوون و سازانی هه‌موو هێز و لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانه‌و بێگومان بە بێ بوونی سازمانی خه‌بات ئه‌سته‌مه‌ هیچ ناوه‌ند و کارێکی هاوبه‌ش بتوانێ بە تەواوی ئامانجەكانی بپێكی و سەركەوتوبێ‌. 
  گرنگیی به‌رده‌وامی وهاوکاری و پەیوەندی لەگەڵ سازمانی موجاهیدین و شوڕایی میللی مقاومه‌ت له‌ ته‌وه‌ره‌کانی ڕاپۆرتی پلۆنۆم  بوو وە له‌و په‌یوه‌ندیه‌دا سکرتێری گشتی ڕایگه‌یاند که‌: سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران له‌سه‌ر بنه‌مای ڕۆخانی ڕژیمی ئاخوندی و پاشماوه‌کانی ڕژیمی شا، پێداگری لەسەر بەردەوامیی هاوپەیمانی لەگەڵ سازمانی موجاهدین و شوڕایی میللی مقاومه‌ت ده‌کاته‌وه‌ و ئه‌م هاوپه‌یمانیه‌تیه‌ش به‌رده‌وام ده‌بێ له‌ پێناوی دامه‌زراندنی حکومه‌تێکی دیموکراتیک و خه‌ڵکی له‌ ئێران و دابینکردنی خودموختاری و مافه‌‌ ڕه‌واکانی گه‌لی کورد له‌ کوردستانی ئێراندا.
بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتی پلۆنۆم باسکردن بوو له‌ ئامانج و بڕیاره‌کانی کۆنگره‌ی ٧ی سازمانی خه‌بات و له‌و په‌یوه‌ندیه‌دا سکرتێری گشتی ناوه‌رۆکی گۆڕانکاری و ئامانج و بڕیاره‌کانی کۆنگره‌ی شیکرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند که‌: کۆنگره‌‌‌ی حەوتەم‌، کۆنگرەی شۆڕش و خه‌‌‌باتی ژینا، له‌‌‌ هەلوومەرجێک دا، که‌‌‌ به‌‌‌ربه‌‌‌ست و کێشەکان بۆ نەبه‌‌‌ستنی،زۆر و سه‌‌‌خت بوون، سه‌‌‌رکه‌‌‌وتنێکی گرنگ و مێژوویی و شانازی و بوێریه‌‌‌کی که‌‌‌م وێنە بوو، بۆ خه‌‌‌باتیه‌‌‌کان و ده‌‌‌رخه‌‌‌ری ئه‌‌‌و ڕاستیه ‌‌‌بوو‌ که‌‌‌ خه‌‌‌باتیه‌‌‌کان دڵسۆز و وه‌‌‌فادارن به‌‌‌رامبه‌‌‌ر به‌‌‌ ڕێبازی شه‌‌‌هیدان و له‌‌‌م ڕێگه‌‌‌یه‌‌‌ش دا سڵ له‌‌‌ هیچ جۆره‌‌‌ سه‌‌‌ختی و دژواریه‌‌‌‌ک ناکه‌‌‌نه‌‌‌وه‌‌‌. هه‌رچه‌نده‌ کۆنگره‌ له‌ کاتی خۆی ماوه‌یه‌کی لادا، ئه‌ویش به‌ هۆی په‌تایی کڕۆنا و چه‌ند هۆیەکی دیکه‌و له‌وانه‌ گرفتی ئاماده ‌نەبوونی ئه‌ندامانی ده‌ره‌وه‌ی سازمانی خه‌بات، به‌ڵام سه‌ره‌نجام توانرا کۆنگره‌‌ی ٧ به‌ سه‌رکه‌وتوویی کۆتایی به‌ کاره‌کانی بێنێ. به‌‌‌ستنی ئه‌‌‌م کۆنگره‌‌‌ وه‌‌‌ک پره‌‌‌نسیپێکی دیموکراسی و وه‌‌‌ک گه‌‌‌وره‌‌‌ترین و باڵاترین ده‌‌‌سه‌‌‌ڵاتی ناوخۆی ره‌‌‌وا و شه‌‌‌رعیی ئه‌‌‌ندامان و ڕه‌‌‌وایه‌‌‌تی دان به‌‌‌و واده‌‌‌ی که‌‌‌ به‌‌‌پێی په‌‌‌یڕه‌‌‌وی ناوخۆ دیاری کراوه‌‌‌، رێگەیەکی سه‌‌‌ره‌‌‌کی و گرنگ بوو‌ بۆ نوێبوونەوه و رەوایەتیی و درێژەدان به کار و خه‌‌‌باتی سیاسیمان‌ و به‌‌‌شداری کردن و خۆپاڵاوتن و ڕه‌‌‌خساندنی ده‌‌‌رفه‌‌‌ت بۆ وزه‌‌‌ و توانا و خوێنی تازه بۆ نێو سه‌‌‌رکردا‌یه‌‌‌تی سازمانی خه‌‌‌بات.
کادر و ئه‌ندامانی دڵسۆزی سازمانی خه‌بات له‌ کۆتایی ئه‌م ڕاپۆرته‌دا سه‌رنج و بۆچوونه‌کانی خۆیان، خسته‌ ڕوو. 
پلۆنۆم بە هەندێک باس بۆ تۆکمەترکردنی ڕاپۆرت بە کۆی دەنگ ڕاپۆرتی پلۆنۆمی دووی سازمانی خه‌باتی  پەسەند کرد.
 پلۆنۆم لە دوای ٢ رۆژ کاری بەردەوام  بە دیاری کردنی کار و بەرنامە و سیاسەتی داهاتووی سازمانی خەبات لەسەر بناغەی ئاکامی کۆنگرەی حه‌وته‌م، کۆتایی بە کارەکانی هێنا و چه‌ندین بڕیار و ڕاسپارده‌ی نوێ بۆ دەسپێکی کارەکان بۆ وەرزێکی نوێ و چۆنیەتی و میکانیزمی پێشکەوتنی کاروباری سازمان بڕیان له‌سه‌ردرا. 

کومیتەی ناوەندیی سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران

6 مانگ و 13 ڕۆژ و 13 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

بەرێوەچوونی پلۆنۆمی دووه‌می کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی حه‌وتەمی،سازمانی خەبات

بەرێوەچوونی پلۆنۆمی دووه‌می کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی حه‌وتەمی،سازمانی خەبات

به‌سته‌ره‌ گرنگه‌کان


به‌‌‌سته‌‌‌ره‌‌‌ گرنگه‌‌‌کان lلێره‌‌‌ بنووسه

تێکۆشان


ناونیشان...



ناونیشانی
ناونیشانی
ناونیشانی
ناونیشانی