هاونیشتمانیانی خەباتکار!
ئافرەتان و لاوانی ئازا و بوێر!
ڕێکخراوی لاوانی خەباتی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی ۸ مارس، ڕۆژی جیهانی ئافرەتان، گەرمترین پیرۆزبایی بە سەرجەم ئافرەتانی خەباتکار و ئازادیخواز لە كوردستان، ئێران و سەرانسەری جیهان و بەتایەبەت لە ڕیزەکانی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران پێشكەش دەکات.
بە درێژایی مێژوو ، زوڵم و بێدادی لەڕادەبەدەر بەرانبەر ئافرەتان كراوەو بەهۆی ئاناتۆمی جەستەییەوە لە ڕادە بەدەر ستەم لە ئافرەتان کراوەو بەهۆی نەبوونی ووشیاریی و دواكەوتویی، چەندە غەدریان لێ کراوە.
پاساوی ئەو زوڵم و زۆرە لە سەردەمی نەزانین و کلتوری خراپ دا تا ڕادەیەک دەکرێ چاوی لێ بقونجێنین و لە سۆنگەی نەبوونی زانستی مرۆڤایەتی و کۆمەڵایەتی لێ بڕوانین، بەڵام لە ئێستادا بەبونی زانست و فکری ئەمڕۆیی ناكرێ بە ئاسانی و بێ دەربەستی چاو لە زوڵم لە ژنان بپۆشرێ. دیارە بۆ كەم كردنەوەی ڕادەی توندوتیژی لە سەر ئافرەتان، پێویستەو ئەركی هەر تاكێكە ڕۆڵ و پێگەی ئافرەتان بناسێ و گرینگی پێی بدات.
۸ی مارس، کە ڕۆژی جیهانی ژنانە، ڕۆژێکە بۆ ڕێزگرتن لە پێگەی ژنان لە بەڕێوەبەری کۆمەڵگە بۆ وەبیرهێنانەوەی پێویستی بەرابەری و یەکسانی ژن و پیاو لە کومەڵگەدا.کە لە ئێستادا هەموو وڵاتانی پێشکەوتوو وە گەشەسەندوو و دیمۆکڕاتیک، تا ڕادەیەکی بەرچاو ژنان مافی ژنان لە بەر چاو دەگرن و بەرزی دەنرخێنن و بەو ڕاستیە گەیشتون کە بەبێ بوون و چالاكی ئافرەتان و ژنان، هیچ کۆمەڵگەیەک گەشە ناکات و سەرکەوتن بەخۆیەوە نابینێت.
هەر بەو پێیە، دەبێ ئاماژە بە دۆخی ژنان لە ۱۰۰ ساڵی ڕابردوو لە ئێران دا بکەین کە بەهۆی بوونی دەسەڵاتی پەهلەوی و دەسەڵاتی ئاخوندیی دژە ئازادی و دژە ئافرەت، لەژێر ناوی مۆدێرنیتە و چاولێکەری لە ئاتاتۆرک، هێرش کرایە سەر ژنان و مافی جۆری پۆشش یان لێ زەوت کرا، ئەوەش لە کاتێکدا کە هەر لەو سەردەمەدا،بە سووکی چاو لە پێگەی ژنان دەکراو، لە مافەکانیان بێبەش دەکران، یان ئەو هەندە مافەش کە هەیانبوو پێیان ئەدرا. هەروەها هەر لە درێژەی ئەو سەرکوتکەریانەدا دەسەڵاتی ئاخوندی لەژیر ناوی دین و پاراستنی ناموس، فشارێکی لە ڕادەبەدەری هێنایە سەر ژنان و زۆربەی مافەکانی لێ زەوت کردن و بەپێچەوانەی ڕەوتی سەردەمانەو کۆمەڵگەی پێشکەوتی جیهانی، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ، ئەو فشارانە لەسەریان زیاتر دەکات.
بەڵام ئەوەی جێی خۆشیە، خەباتی نەپساوەی ژنان بۆ بەرەنگاری ئەو هێرشانە، هەم لە سەردەمی ڕژیمە سەرکوتکەرەکانی پاشایەتی و هەم ئاخوندی دا، ژنانی شۆڕشگیڕ و مافخواز لە ڕیزەکانی خەباتی مەدەنی، سیاسی و چەکداری بەشداری بەرچاویان کردووه و ئازادیخوازان و بەرابەریخوازان ڕێگە خۆشکەری ئەو ڕۆڵگێڕانە بوون.
ئەم خەباتە شێلگیرانە دژ بەو حکومەتانە لە ڕەوت و بەردەوامی شۆڕشی ژینادا زۆر باشتر خۆی نواند و بینیمان کە ژنان و لاوانی بەهەڵویست و ئازادیخواز، چۆن پێشەنگی ئەو شۆڕشەیان کرد و وێڕای سەرکوتی بێ بەزەییانەو دڕندانەی ئەو سەڵاتە دژە مرۆڤە،بە ئازایەتی داواکاریە ڕەواکانیان پیشانی کۆمەڵگەی جیهانی دا. له ڕاستی دا شۆڕشی ژینا سەلماندی کە سەرکوت و چەوسانەوەی دەسەڵاتە خۆ بە زل زانەکان و ستەم و بێدادیان دژ بە ژنان، بە گرتن و بەندکران و شکەنجەو ئیعدام، نەیتوانیوەو ناتوانێت خولیای ئازادی لە دڵ و گیانی خەڵکی ڕزگاریخواز بسڕێتەوەو ئازادیخوازانی مافویست لە ئێران و کوردستان، هەتا گەیشتنی یەکجاری بە ئازادی و دیمۆکڕاسی، لە ویست و داخوازەکانیان سڵ ناكەنەوەو پاشەکشەی لێ ناکەن.
دەسەڵاتی دڕندەو دژە مرۆڤی ئاخۆندی ئەوەی لە توانای دا بوو لە سەرکوتی خەڵک و بە تایبەت ژنان خۆی نەبوارد، بەڵام بە ئاشکرا بینیمان کە تەنانەت لە کۆتا هەڵوێستی خەڵک و لە بەرانبەر شانۆگەری هەڵبژاردنە کارتۆنیەکانی مەجلیسی نوێنەرانی ڕژیم و مەجلسی بەنێو خیبرەگانی ڕێبەریی ڕژیم دا، دووبارە "نا"ـیەکی دیکەی پێی وترایەوەو نامەشروع بوونی لای خەڵک درایەوە نێو چاوانی دا.
ژنانی بە هەڵوێست و کۆڵنەدەر!
کۆمەڵگەی جیهانی، ئەمڕۆ زۆر بە باشی ئاگاداری ئەو زوڵم و ستەمانەی ڕژیمی ئاخوندی ئێرانەیە کە لە بەرانبەرتان دەکرێ وە هەروەها ئازایەتی و خۆڕاگری و شان به شان و پشت بە پشتی پیاوانی ئازادیخواز دەبینن کە بەردەوامن لە ڕەوتی پشتیوانیان لە شۆڕشی مافخوازانەی ژنان. وەک ئاشکرایە هەوڵەکانی ڕژیم بۆ کپ کردنی دەنگی ئازادیخوازانەتان تەنانەت لە بەندیخانەکان دا سەرکەوتوو نابێت و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دەنگی مافخوازیتان زیاتر بە گوێ جیهان دەگات.ئاشکرایە کە زۆڵم و زۆری ئەو ڕژیمەش هەتا سەر ناڕوات و زۆر ناخایەنێت کە خەبات و شۆڕشی چەندین ساڵەی نەتەوەی کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئێران بە ئاکام دەگات و بە ڕووخانی یەکجاری دەسەڵاتی ئاخوندی، دیکتاتۆری و ستەم لە ئێران دا بە دامەزراندنی سیستەمێکی دیمۆکراتیک و سکۆلار، هەڵاوسان و ئاپارتاید و جیاوازی ڕەگەزایەتی و هەموو ئەو دیاردانە کە دەبوونە هۆی دواکەوتنی کۆمەڵگە، بنبڕ دەبێت.
جارێکی دیکە بەبۆنەی ۸ی مارس، گەرمترین پیرۆزبایی خۆمان پێشکەش بە ئافرەتانی بوێر و لەخۆبردوو دەکەین و هیوادارین بە زووترین کات ئەو ئازادیە شیاوە لەگەڵ بەرابەری و یەکسانی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بە هەر بیر و باۆڕێکەوە ببینینەوه.
بڕوخی ڕژیمی دژ بە ژن و دژ بە ئازادی ئاخوندی
سەرکەوی خەباتی مافخوازانەی گەلانی ئێران
ڕێکخراوی لاوانی خەباتی کوردستانی ئێران
دەستەی بەڕێوەبەری