تێکۆشان
ڕۆژنامه‌ و میدیایه‌کی ئه‌له‌کترۆنیه‌.
       

بایكوتی شانۆی بە ناو هەڵبژاردن ئەركێكی نەتەوەیی و نیشتمانی و ئایینی یە

بایكوتی شانۆی بە ناو هەڵبژاردن ئەركێكی نەتەوەیی و نیشتمانی و ئایینی یە
دەنگی خەباتی کوردستان

 

چنور سەقزی
گەلانی ئێران ۴۵ ساڵە تامی تاڵی ستەم و تاوانكاریی دەسەڵاتی دیكتاتۆریی ئاخوندەكان دەچێژن. كەم خانەوادە لە كوردستان و سەرانسەری ئێران دا هەیە كە یەكێك لە خۆشەویستان و ئەندامانی خانەوادەكەی لە لایەن ئەو دەسەڵاتە دیكتاتۆرە، شەهید،زیندانی و شكەنجە نەكرابێ‌.
جیاواز لە سەپاندنی ستەم و بەردەوامی جینایەت و پێشێل كردنی سەرەتایی ترین مافەكانی هەر تاكێكی كۆمەڵگەی كوردستان و ئێران، بێكاری، گرانی و هەڵاوسانی ئابوریی، وای كردوە گەلانی زوڵم لێكراوی ئێران خراپترین و كارەساتبارترین ژیانی پڕ لە ئازار، تێ‌پەڕ بكەن. لەگەڵ ئەو هەلومەرجە نالەبارە ئابوریی و سیاسیەدا، كێشە كۆمەڵایەتیەكان و پەرەسەندنی فەسادو دزیی و ڕاوڕووتی خەڵك لە لایەن كاربەدەستان، ئاسایی ترین كارەكان و بەرهەمەكانی ئەو دەسەڵاتە دڕندەیە.
سەڕەرای ئەو گشتە، تاوان، جینایەت، نەزانكاری و خەیانەتەی دەسەڵات و دەسەڵاتداران و سەرەڕای دەركەوتنی ئەو ڕاستیە كە ۴۵ ساڵە ئاخوندە جینایەتكارەكان ژیانی ئاسایی گەلانی ئێرانیان كردۆتە دۆزەخ، پرسیار ئەوەیە، كە هۆی چیە خامنەیی و دەست و پەیوەندەكانی شانۆی هەڵبژاردن و پڕۆسەی بە ناو دیموكڕاسی بەڕێوە دەبەن؟ وەڵام ئەوەیە كە دەسەڵاتی دیكتاتۆری ئاخوندی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا زۆرترین قازانجی لە پڕۆسەی هەڵبژاردن بینیوەو تەنانەت زۆر كات توانیویە موخالفان و ژمارەیەك لە هێزەكانی ئوپۆزیسیۆنی دژ بە خۆی باوەڕ پێی بێنێ‌ كە لە چوارچێوەی ئەو دەسەڵاتەدا، ئاسۆیەكی ڕوون هەیەو دەكرێ‌ هومێدوار بە ڕەوتی دیموكڕاسی بن. بە داخەوە فێڵ و شانۆی بە ناو هەڵبژاردن لە لایەن ئاخوندەكانەوە وای كرد بەشێك لە ئۆپۆزیسیۆن دڵ بە نمایشی ساختەی دیموكڕاسی و هەڵبژاردنەكان خۆش بكەن و تەنانەت هێندێك جار ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بوونە بڵیندگۆی تەبلیغاتی و پڕوپاگەندەیی بۆ ئەو دەسەلاتە ستەمگەرو دژ بە دیموكڕاسیە، ئەویش بە بیانوی بێ‌ بنەماو جیاجیای وەك;! دەكرێ‌ بە بەشداری لە دەنگ دان و هەڵبژاردن، نوێنەرانی ڕاستەقینەی خەڵك بچنە مەجلیس و ئورگانەكانی دەسەڵات و شۆڕاكانی شارو دێی. هەروەها فریوی باڵی بە ناو ڕیفورمخوازیان خوارد، هەر بە بیانوی ئەوە كە دەكرێ‌ ڕیفۆرمخوازەكان كە هەموویان پێكهێنەری ئەو دەسەڵاتەن و لە تاوان و جینایەت لەگەڵ خامەنەیی و پاسدارەكان شەریك و هاوبەشی سەرەكین، بەو خەیالەێ‌ ئەوان واتە ریفۆرمخوازە ساختەكان، بتوانن ئاڵوگۆر لە سیستەمی دەسەڵات پێك بێنن و بەو پاساوە بێ‌ مەعناو بێ‌ بنەمایانە، داوایان دەكرد خەڵك لە شانۆی هەڵبژاردن بەشداری بكەن.
 لە لایەكی دیكەوە، ئاخوندە دەسەڵاتداران توانیویانە بە ناوی هەڵبژاردن و پڕۆسەی بەناو دیموكڕاسی، ژمارەیەك لە دەسەڵات و ناوەندە جیهانیەكان فریو بدەن و بیانهێننە سەر ئەو بڕوایە که، لە چوارچێوەی ئێراندا جۆرێك لە دەسەڵاتی دیموكڕاتیك هەیەو هەر لە ژێر ناوی ئەنجامدان و بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن و پڕۆسەی دیموكڕاسی، ئامانجە گڵاوە و دژی خەڵكیەكان بەڕێوەبەرن و خۆیان بە دەسەڵات و دەسەڵاتدارانی مەشروع پێناسە بكەن و پشتیوانی ژمارەیەك لە حكومەتەكانی ڕۆژئاوایی بۆ خۆیان بە دەست بێنن.
بەخۆشیەوە لە ئێستادا هەموو لایەك هاتونە سەر ئەو باوەڕەی كە لە چوارچێوەی ئەو ڕژیمەدا كە هەموو سنوورەكانی دیكتاتۆری و دژایەتی دیموكراسی تێ‌ پەڕاندوە، باسی هەڵبژاردن و پڕۆسە دیموكڕاسی تەنیا و تەنیا بە ئامانجی فریودانی خەڵك و بە مەبەستی مانەوەی خامنەیی و ئاخوندە تاوانكارەكانی دیكەیە لە سەر دەسەڵاتە.
جێگەی خۆیەتی و گەلێك پێویستە هەر تاكێكی كۆمەڵگەی كوردەواریی و جەماوەری سەرانسەری ئێران بە بایكوتی شانۆی هەڵبژاردنی مەجلیسی ئاخوندی و مەجلیسی شارەزایانی ڕێبەریی كە هەر دوو ناوەندەكە لە جینایەت و دژایەتی دیموكڕاسی و ئازادیخوازی دەوری سەرەكی یان هەیە، وەك ئەركی نەتەوەیی و نیشتمانی و ئایینی بە بایكوتی شانۆی هەڵبژاردن روحی شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی ئاسودە بكەن و پێداگری لە خەبات و تێكۆشان بۆ ڕوخانی ڕژیمی دیكتاتۆری ئاخوندی و گەیشتن بە ئازادیی ودیموكڕاسی لە ئێران و كوردستان دا بكەنەوە.

8 مانگ و 23 ڕۆژ و 7 کاتژمێر و 32 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

بایكوتی شانۆی بە ناو هەڵبژاردن ئەركێكی نەتەوەیی و نیشتمانی و ئایینی یە

بایكوتی شانۆی بە ناو هەڵبژاردن ئەركێكی نەتەوەیی و نیشتمانی و ئایینی یە

به‌سته‌ره‌ گرنگه‌کان


به‌‌‌سته‌‌‌ره‌‌‌ گرنگه‌‌‌کان lلێره‌‌‌ بنووسه

تێکۆشان


ناونیشان...



ناونیشانی
ناونیشانی
ناونیشانی
ناونیشانی