هێزە سەرکوتکەرەكانی حكوومەت شەوی دووشەممە لە شاری لۆمار، ناوەندی شاری سیروان سەر بە ئیلام، لە هەوڵێكی بە ئەنقەستدا تەقەیان لە دووكان و ماڵی هاووڵاتییان کرد و لە ئەنجامدا لانیکەم ٨ کەس بریندار بوون و گواسترانەوە بۆ ناوەندە دەرمانییەکان. ئەم كارە ڕووبەڕووی کاردانەوەی خەڵکی ناڕازی بووەوە.
دوابەدوای ئەم تەقەکردنە خەڵکی شاری لۆمار لە شاری سیروان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بەم كارە هاتنە سەر شەقام و دواجار ململانێ لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزەکانی حکوومەت دروست بوو.
بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکان، هێرشەکەی هێزەکانی حکوومەت بە بەکارهێنانی چەکی "کڵاشینکۆف" و "یوزی" كراوە. دوای ئەم تەقەکردنە هێزە نیزامییەكان گەیشتنە شوێنەکە و پووكەی فیشەكەكان کە مابوونەوە کۆکردەوە و لەگەڵ خۆیان بردیان.
شایانی باسە جگە لە برینداربوونی لانیکەم ٨ هاووڵاتی لە کاتی تەقەی بە ئەنقەستی هێزەکانی سپای تروریستی پاسداران، زیانی داراییی زۆر بە ئۆتۆمبێل و ماڵ و دوکانەکانی خەڵک کەوتووە.