خەباتمێدیا: رۆژی شەممە ۲۱ی ڕێبەندانی ۱۴۰۲ی هەتاوی، کومیتەکانی دەرەوەی سازمانی خەبات لە وڵاتەکانی ئەڵمان و سوئید، بە ئامادەکاری ڕێکخستنی دەرەوەی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران، بەشداریان کرد لە ڕێوڕەسمی ساڵیادی سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران، بەرانبەر بە سیستەمی فاشیستی پاشایەتی لە ۲۲ی ڕێبەندانی ۱۳۵۷ی هەتاوی.
لەم کۆبوونەوانەدا کە بە دروشمی نا بۆ شا و نا بۆ شێخ و بەڵێ بۆ کۆماری دیمۆکراتیک لە ئێرانێکی ئازاد دا بەڕێیوە چوو، پەیامی پیرۆزبایی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران بەم بۆنە پیرۆزەوە، لە شارەکانی برلینی ئەڵمان لەلایەن خاتوو شەکیلا موسەنیفی و لە شاری ستۆکهۆڵمی سوئید لە لایەن خاتوو هەنار بۆکانی، لە بەردەم وەزارەتی دەرەوەی وڵاتی سوئید خوێندرایەوە.
لە پەیامەکەدا وێڕای هیوای ئازادی وڵات و ڕووخانی دەسەڵاتی دژە مرۆڤی ئاخوندی، ۴۵ ساڵ جینایەتی ئەو دەسەڵاتە نەگریس و خوێنڕێژە و بەرز بوونەوەی بەرچاوی ئیعدامەکان له ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی ۸۶۰ کەس و لەوانە ئیعدامی چوار چالاکی سیاسی کوردی مەحکوم کرا و بە ئاماژەدان بەو فاکت و بەڵگەیانە پێداگری لە ڕووخانی ئەو دەسەڵاتەی کرد کە هیچ جۆرە گۆرانکاریەکی ئەرێنی و هیچ مافێک بۆ گەلانی مەزڵومی ئێران لەبەرچاو ناگرێت.