رژیمی ئاخوندی، شەڕ یان ئاشتی؟!

حەفتاو سێهەمین كۆبوونەوەی ساڵانەی كۆڕی گشتی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان رۆژی سێ شەممە 3ی رەزبەر، بە وتاری ئانتۆنیۆ گوتێرزی سكرتێری گشتی ئەو رێكخراوە دەستی بە كارەكانی خۆی كرد. كۆبوونەوەی ساڵانەی كۆڕی گشتی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان ئەم ساڵ لە كاتێكدا دەستی بە كارەكانی كرد كە هەر وەك ئانتۆنیۆ گوتێرز وتی ئەو رێكخراوە بە دەست چەندین قەیرانی وەك شەری یەمەن و سوریەوە دەناڵێ، پێشبڕكێی ناوكەیی لە جیهاندا دەستی پێ كردووەو ئەنجومەنی ئاسایش بەسەر دوو بەرەدا دابەش بووە.

دۆناڵد ترامپ سەرۆك كۆماری ئەمریكا لە وتاری ئەو ساڵی خۆیدا پێداگری لەسەر سیاسەتی حكومەتەكەی  لە حاست رژیمی ئێران كردەوە، بەتایبەت لە كشانەوەی ئەمریكا لە رێكەوتنی ناوكەیی و كاراكردنەوەی گەمارۆكانی سەر رژیمی ئێران و بەڵێنی دا كە درێژە بەو سیاسەتە بدات هەتا ئەوەی كە رژیمی ئێران دەچێتە سەر مێزی وتووێژ بۆ رێكەوتنێكی گشتگیر لەسەر كۆی پرسەكانی پێوەندیدار بەو رژیم لە جیهان و ناوچەكە. ناوبراو هەروەها لە قسەكانیدا بەشێوەیەكی زۆر توند هێرشی كردە سەر دەسەڵاتدارانی ئێران و بە گەندەڵ و دز كە داهاتی خەڵكی ئێران بۆ خۆیان دەبەن و خەرجی تاقم و دەستە تیرۆریستیەكانی دەكەن و رژیمی ئێرانی بە گەورەترین پشتیوانی تیرۆریزم لە جیهان پێناسە كرد.

هەر ئەو رۆژە ئاخوند رۆحانی سەرۆك كۆماری رژیمی ئێران نەك هەر خۆی لە وەڵامدانەوەی دۆناڵد ترامپ بوارد وەڵامی هێرشەكانی نەدایەوە بەڵكوو كەوتە پارانەوە بۆ ئەوەی ئەمریكا بگەرێتەوە بۆ بریارنامەی 2231ی ئەنجومەنی ئاسایش و رێكەوتنی ناوكەیی. ناوبراو بۆ راكێشانی سەرنجی نوێنەری ئەو چەند وەڵاتەی لە كاتی وتارەكەیدا لە هۆڵەكەدا مابوونەوە رژیمەكەی بە لاگری ئاشتی و وتووێژ و نیشانەی خێر بۆ خۆرهەڵاتی ناوەراست لە قەڵەم دا! و هەوڵە جیهانیەكان بۆ سنووردار كردنی رژیمی ئێران لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەراست و وەدەرنانی هێزە نیابەتیەكانی و كۆتایی هێنان بە شەرئەنگێزی و دەستێوەردانی رژیمەكەی لە وەڵاتان بە بیانووی ئەمریكا و ئیسراییل بۆ روخانی دەسەڵاتەكەی ناوبرد. 

رۆحانی هەروەها رێكەوتنی ناوكەیی بە هۆی پاراستنی ئاشتی لە قەڵەم دا و دەرچوونی ئەمریكا لەو رێكەوتنەی بە بیانوویەك بۆ نانەوەی شەڕ لە دژی رژیمەكەی هێنایەگۆڕێ. هاوكات سەرۆك كۆماری رژیم پێداگری لەسەر سیاسەتەكانی لە یەمەن و فەلستین و سوریە كردەوە.

ئەگەرچی دڵی بەوە خۆشە كە هەندێ لە وەڵاتانی رۆژئاوایی و روسیە و چین لەسەر رێكەوتنی ناوكەیی لەگەڵ ئەمریكا لەبەر قازانجی تایبەتی ناكۆكن، بەڵام سەرۆكی ئەو وەڵاتانە نایشارنەوە كە لەگەڵ سیاسەتی پەرەپێدانی بەرنامەی مووشەكی رژیم و دەستێوەردانەكانی ئەو حكومەتە لە كاروباری وەڵاتان و پشتیوانی تیرۆریزم لە ناوچەكە و جیهان نین و لەگەڵ ئەو بۆچوونەن كە دەبێ لە ناوچەكە دەركرێ و چالاكیەكانی سنووردار بكرێ.

سەرۆك كۆماری رژیم هەوڵێكی زۆری دا بۆ شاردنەوە و رەدكردنەوەی كردەوە خراپەكانی رژیمەكەی لە ناوچەكە، بەڵام رۆحانی بەهێنانە گۆڕێی كێشەكانی یەمەن، سوریە و فەلستین و پێداگری لەسەر درێژەدان بەو قەیرانانە، نەیتوانی ئەو راستیە بشارێتەوە كە ئەوەی لە خۆرهەڵاتی ناوەراست لە ئارادایە بە پووڵی خەڵكی ئێران و بە هەوڵ و هێزی ئاخوندان و تاقم و گروپە نیابەتیەكانیان بەرێوەدەچێ. 

كۆتا قسە ئەوەیە كە بەرپرسانی بێزراوی رژیمی ئێران ناتوانن بە هەندێ قسەی سەرنج راكێش  كردەوەی شەرخوازانەیان لە ناوچەكە بشارنەوە و رای گشتی جیهانی باش لە نەهج و بەرنامە شەر ئەنگێزیەكانی ئەو دەسەڵاتە حاڵیە و بەو جۆرە ژێستانە رژیم لای كۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و رای گشتی جیهانی لە تاوانەكانی رابردوو و ئێستای كە لە ئاست خەڵكی ئێران و ناوچەكە بەرێوەی دەبات بەریی نابێ.

بەڵێ رژیمی دواكەوتووی ئاخوندی ئێران هیچ كات سەری سازانی لەگەڵ ئاشتی دا نیە و ئەو دەسەڵاتە ماكەو سەرچاوەی شەر و ماڵوێرانیە، وە هەتا رژیمی ئاخوندان مابێ واز لە خوو خەدەی شەرخوازانەی ناهێنێ و تاكە چارەسەر پشتیوانی كردنە لە خەڵكی بێزار لە شەڕ، ئاخوند و ماڵوێرانی ئێرانە، بۆ ئەوەی بەشێوەی یەكگرتووانە بێنە مەیدان و كۆتایی بەو سیستەمە دواكەوتووە بێنن و ئاشتی و ئارامی باڵ بەسەر ئێران و ناوچەكەدا بكێشێ.
ڕێکه‌و 2018-09-29 19:10:08
به‌شی ( سیاسی )