لە بەرەبەريی جەژنی 5ی خەرماناندا!

عه‌لی بەهرامی

له‌ دوای ئه‌و ئاڵووگۆڕانه‌ی له‌ ساڵی 1357ی هەتاوی له‌ ئێراندا هاته‌ ئاراوه‌، تێكڕای نەتەوەو خاوەن باوەرە جیاجیاكانی  ئه‌و وه‌ڵاته‌ ئومێده‌وار بوون كه‌ له‌ ئێرانێكی ئازاددا بە مافه‌ بنچینه‌ییه‌كانی خۆیان بگەن و به‌ ئاشتی و ئارامی و برایانه‌ پێكه‌وه‌ بژین، به‌ڵام به‌ قۆرغكردنی ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن ژماره‌یێك ئاخوندی مێشك ووشك كه‌ ته‌نها بایه‌خیان به‌ سه‌پاندنی بیر و باوه‌ڕی دواكەوتووانەی خۆیان ده‌داو  لە وەڵامی داوای مافی نەتەوەو پێكهاتەكاندا ته‌نیا پشتیان به‌سه‌ركوتوو توند و تیژی ده‌به‌ست به‌شێوه‌یێك كه‌ لەچاو رژیمی پاشایەتی سیسته‌مێكی چه‌ند به‌رابه‌ر دیكتاتۆریان هێنا ئاراوه‌ و هه‌ر بانگێكی ئازادیخوازانه‌یان به‌خه‌یانه‌ت به ‌وەڵات و ئینقلاب ناوهێنا و بە شێوەیەكی زۆر نامرۆڤانە پەلاماریان دەدا.

گه‌لی كورد كه‌ لە مێژە تامه‌زرۆی ئازادیە، هیواداربوو لە دوای رووخانی رژیمی پاشایەتی مافه‌ پێشێلكراوەكانی بەدەست بێنێتەوە، بەلام به‌داخه‌وه‌ نه‌ك به‌ مافه‌كانی نه‌گه‌یشت به‌ڵكوو كه‌وته‌به‌ر بێ ره‌حمانه‌ترین شێوه‌كانی سه‌ركوت وداگیركاری، هه‌ربۆیه‌ به‌ناچاری رێگه‌ی خه‌بات و به‌ربه‌ره‌كانێی له‌به‌رانبه‌ر فاشیزمی مەزهەبی و بیری دواكەوتووی ئاخوندانیان هه‌ڵبژارد، هاوكات له‌گه‌ڵ باقی ئازادیخوازانی ئێرانیدا له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و رژیمه‌دا وێستایه‌وه‌ و ئاماده‌ نه‌بوو ‌ مل به‌ ده‌سه‌ڵاتێكی دیكتاتۆر و دواكەوتوو بدات، كه ‌له‌ژێرناوی دین و برایه‌تی موسڵمانان، هه‌موو ئازادیه‌كان ژێر پێ بنێ و له‌بەرامبەر داوا رەواكانی گه‌لی كوردا هێرش بۆ سه‌رماڵ و ژیانی خه‌ڵكی كوردستان په‌یره‌و بكات.

له‌وه‌ها هه‌ل و مه‌رجێكدا كه‌ كوردستان پێی دا تێپەردەبوو، هێزێكی سیاسی بەناوی سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران بە رێبەرایەتی مامۆستا سەید جەلالی حسەینی سەركردەی دیاری رۆژهەلاتی كوردستان دامەزراو كورد و مافەكانی كردە ئەولەویەت و بنەمای كار و چالاكیەكانی و هەر لە سەرەتای دامەزرانەوە چەندین داستانی گەورەو بەرچاوی تۆمار كرد كە لە لاپەرەكانی مێژووی خەباتی نەتەوەی كورد دا بە زێر نووسراونەتەوە.

لە قۆناغی سەرەتای دەستپێكی كاری رێكخراوەیی سازمانی خەبات لەلایەن هێزەكانی دیكەوە كەوتە بەرپەلامار و بەداخەوە وزە و هێزێكی زۆری بۆ تەرخان كرا  كە هەر زوو لە مەیدان بەدەر بكرێ و تووشی كێشەو ململانێ ی ناپێویست و زیان بەخش و  ده‌ردی سه‌ریان كرد. هەروەها پیلانی ناكوردانە و ناشۆرشگێڕانەی جۆراوجۆری بۆ دارێژرا و به‌ به‌رنامه‌ له‌ چه‌ند لاوه‌ هێرشی كرایه‌ سه‌رو زمانیان به‌ هه‌موو بارێكدا له‌ دژی هەڵدەسووڕاند و هه‌وڵی زۆریان دا بۆ ئەوەی په‌لكێشی ئاگری شه‌ڕی بكەن، بەڵام ئەوەی وەك شانازی لە سەر سازمانی خەبات تۆمار كراوە ئەوەیە كە وێرای ئەو هەموو فشار و زۆركردنە دوور بوو لە شەر و كێشەی خۆبەخۆ و هەتا ئێستا ئەو تەشكیلاتە تاكە هێزی كوردیە كە لەو سەردەمەدا چالاكی كردووەو لەشەری براكوژیەوە نەگەوزاوە.

دەتوانین مێژووی زێرینی نزیك بە چوار دەیە خەبات و قارەمانیەتی سازمانی خەبات بەم شێوەیە پۆلین بكەین.

یه‌كه‌م: ساڵی ١٣٥٨ كه‌ ده‌فته‌ری مامۆستا شێخ عزه‌دین دامه‌زرا، ئه‌ركی هه‌ره‌ گرینگ و قورسی ئه‌و ده‌فته‌ره‌ له‌ سه‌ر شانی مامۆستا شێخ جه‌لالی نه‌مر و هاوه‌ڵانی بوو، له‌و ساڵه‌دا هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ له‌ ناوچه‌ جیاجیاكانی كوردستان به‌تایبه‌ت له‌ باشووری كوردستانی ئێران، شه‌ڕ دژ به‌ هێزه‌كانی رژیم ده‌ستی پێكرد و هه‌ست به‌ مه‌ترسی بیانووگرتنەكانی رژیم بە بزوتنەوەی كورد دەكرا، بۆیە مامۆستا سه‌ییدجه‌لال له‌گه‌ڵ ژماره‌یێك له‌ هاورێیانی سه‌ردانی باشووری رۆژهەلاتی كوردستانی كرد و ده‌ستی كرد به‌ هاندانی جه‌ماوه‌ری ئه‌و ناوچانه‌و نیاز و به‌رنامه‌كانی رژیمی ئاخوندی بۆ خەڵك روون دەكرده‌وه‌. له‌ شه‌ڕی سه‌رتاسه‌ری رژیم دژ به‌ كورد كه‌ به‌ شه‌ڕی سێ مانگه‌ ناسراوه‌ و له‌ ٢٨ی گه‌لاوێژی هه‌مان ساڵ و به‌ فتوای خومه‌ینی دژ بە كورد ده‌ستی پێ كرد، هێزی پێشمه‌رگه‌ی ده‌فته‌ری مامۆستا شێخ عزەدین بە سەركردایەتی مامۆستا سەید جەلالی نەمر، زۆر قاره‌مانانه‌ به‌ره‌نگاری ئه‌و هێزانه‌ بوونه‌وه‌ و چه‌ندین ده‌رسی خۆراگری و قاره‌مانه‌تیان تۆمار كرد، كە ئه‌كرێ ئیشاره‌ به‌ شه‌ڕی قه‌ره‌چیاوه‌ی سه‌قز، شەری ئێرانشای سه‌قز، شەری كامیاران، شەری كه‌لی خان ، هه‌روه‌ها شه‌ڕی ده‌ی خه‌زه‌ڵوه‌ر كه‌ له‌ كه‌وپێچی ده‌شته‌تاڵی بانه‌ به‌ فه‌رمانده‌یی شه‌هید سه‌ید عه‌بدولكه‌ریم ده‌ستی پێ كردو له‌ ده‌روازه‌ی ئه‌و شاره‌ هێزه‌كانی رژیم بە تەواوی تەفرو توونا كران. به‌ پێی ئاماره‌كانی رژیم كه‌ له‌ رۆژنامه‌ی ئیتلاعاتی ١٣٥٨ بڵاو كرایه‌وه‌ زیاتر له‌ ٥٠٠ كه‌س له‌ هێزەكانی رژیم كوژران، به‌ڵام شاهیدانی عه‌ینی و به‌شدارانی ئه‌و شه‌ره‌ باس له‌ ٧٠٠ كه‌س كوژراو بریندار و تێكشكاندنی زیاتر له‌ ٨٠ ده‌زگا ماشینی ئه‌و هێزانه‌ ده‌كه‌ن، بەهۆی ئەو قاره‌مانه‌تیه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ ده‌ی خه‌زه‌ڵوه‌ر لەدوایی دا سازمانی خەبات ئەو رۆژەی وەك رۆژی پێشمەرگە ناودێر كرد.

به‌شی هه‌ره‌ زۆری ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ ده‌فته‌ری مامۆستا شێخ عزه‌دیندا چالاكیان ده‌كرد، له‌ ساڵی ١٣٥٩ی هەتاویدا لە دامەزرانی سازمانی خه‌بات دەوری سەرەكیان بینی، هەر بۆیە كه‌ باس له‌ مێژووی سازمانی خه‌بات ده‌كرێ، دەبێ ئیشاره‌ به‌ كار و چالاكیه‌كانی دەفتەر بكرێ و پێم وایه‌ ئه‌وه‌ به‌شێكی گرینگ و دانەبراوی مێژووی سازمانی خه‌بات.

به‌ راگه‌یاندنی سازمانی خه‌باتیش وه‌ك ته‌شكیلاتێكی نوێ و به‌به‌رنامه‌، هه‌روه‌ها به‌ دانانی بنكه‌ و باره‌گا له‌ ناوچه‌ جیاجیاكانی كوردستان، له‌لایه‌ن هێزه‌ كوردستانیه‌كانی دیكه‌ كه‌ هۆكه‌ی جۆرێك خۆبینی و ته‌نگ نەزەری بوو تووشی كێشه‌ و شه‌ڕو هێرشی ته‌بلیغی و هێرشی ژه‌هراوی بوویه‌وه‌ و بۆ ماوه‌یێكی زۆر به‌ بیانووی جۆراوجۆر كۆسب و ته‌گه‌ره‌ی ده‌خرایه‌ به‌رده‌م، هه‌ر بۆیه‌ ئه‌م هه‌ڵسووكه‌وته‌ نابه‌جێه‌ی  هێزەكانی دیكە‌ له‌لایێك و هێرشه‌ سه‌ربازیه‌كانی رژیم بۆ سه‌ر كوردستان له‌لایێكی دیكه‌، بوونه‌ فشارێكی قورس بۆ سه‌ر سازمانی خه‌بات، به‌ جۆرێك كه‌ ده‌بوو ئه‌و هێز و پوتانسیه‌له‌ی كه‌ هه‌یه‌تی له‌لایێك بۆ به‌رنگاربوونەوەی رژیم و دیفاع له‌ كوردستان و له‌لایێكی دیكه بۆ دیفاع له‌ مەوجوودیەتی خۆی و مانه‌وه‌ی لە مەیداندا به‌كار بێنێ.

 له‌ ده‌یه‌ی شه‌ست دا له‌گه‌ڵ چڕبوونەوەی  هێرشی هێزه‌كانی رژیم بۆ سه‌ر كوردستان سازمانی خه‌بات وه‌ك هێزێكی به‌توانا له‌ مه‌یدان و بەبوونی هێزێكی پێشمه‌رگه‌ی به‌باوه‌ڕ و قاره‌مان، توانی له‌ زۆربه‌ی ناوچه‌كانی كوردستان هه‌ر له‌ ناوچه‌ی مه‌هاباد، بۆكان، سه‌رده‌شت، بانه‌، سه‌قز و مه‌ریوان چالاكی به‌رچاوی هه‌بێ و به‌رەنگاری هێزه‌ داگیركه‌ره‌كان بێته‌وه‌ و زەبری كاریگه‌ریان لێ بوه‌شێنێ.

 به‌داخه‌وه‌ له‌ ناوه‌راستی ده‌یه‌ی ٦٠ دا رێزه‌كانی سازمان خه‌بات تووشی لێكترازان و ئینشعاب بوو. كە بۆ ماوەیەك ‌ كاریگەری زۆری بەسەر  كار و چالاكیه‌كانی سازمانەوە دانا. لەگەڵ ئەوەشدا سازمان هەر زوو توانی خۆی لە بەندی ئەو كێشانە رزگار بكاو درێژە بە كار و چالاكیە سیاسی و سەربازیەكانی خۆی بدات.

دووهه‌م: به‌ سه‌رهه‌ڵدانی جه‌ماوه‌ری و راپەرین له‌ كوردستانی عێراق، مامۆستا شێخ جه‌لالی حوسه‌ینی وه‌ك سكرتێری گشتی سازمانی خه‌بات له‌ رێگه‌ی رادیۆ ده‌نگی خه‌باتی كوردستان و به‌شداری له‌ كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌ی خه‌ڵكی رانیه‌ (دەروازەی راپەرین) هانی خه‌ڵكی دا بۆ ئەوەی دژ به‌ رژیمی به‌عس به‌رده‌وام بن تاسەركەوتنی یەكجارەكی راپه‌رین. هاوكات هێزی پێشمەرگەی سازمانی خەبات بوونە پشتیوانی جەماوەری راپەریو و لە گرتنی دامودەزگا داپڵۆسێنەرەكانی رژیمی بەعسدا دەوری گرینگ و سەرەكیان بینی. كە لەم قارەمانەتیدا شانازی یەكەم شەهیدی ئافرەت (شەهید مریەم) لە راپەرین بە سازمانی خەبات بڕا. ئه‌م هه‌نگاوه‌ی سازمانی خه‌بات له‌و هه‌لو مه‌رجه‌دا شانازیێكی گه‌وره‌یه‌ و لاپه‌ڕه‌یێكی زێڕینه‌ له‌ مێژووی دا ده‌دره‌وشێته‌وه‌.

له‌ دوای سه‌ركه‌وتنی راپەرین رژیمی ئێران ده‌ستی ئاواڵه‌ بوو له‌ باشووری كوردستان و ده‌ستی كرد به‌ تیرۆر و ڕه‌شه‌كوژی چالاكانی سیاسی كورد. سازمانی خه‌باتیش وه‌ك باقی هێزه‌كانی كوردستانی ئێران ژماره‌یێكی به‌رچاو له‌ ئه‌ندامانی به‌ ده‌ستی تیرۆریستانی رژیمی ئێران، شه‌هید كران. لە دوای ئەوەی فشاره‌ سیاسیه‌كان پەرەیان سەند، چالاكی نیزامی كه‌م ره‌نگ بوویه‌وه‌ و به‌شێوه‌یێكی كاتی و له‌ به‌ر مه‌سڵه‌حه‌تی هه‌رێمی كوردستانی عێراق راگیرا.

لە دوای ئەوەی هه‌رێمی كوردستان بووه‌ مه‌یدانی رمپازێنی هێزه‌ ئیتلاعاتی و تیرۆریسته‌كانی رژیمی ئێران و فشارێكی زۆر خرایه‌ سه‌ر هێزه‌كانی كوردستانی ئێران، سازمانی خه‌بات له‌و ماوه‌دا تووشی ده‌یان قه‌یرانی جۆراوجۆری وه‌ك نه‌داری و هه‌ژاری و كۆچ و كۆچبار بوویەوه‌. كه‌ ئه‌وه‌ كاریگەری هه‌بوو له‌ سه‌ر چالاكی و هه‌ڵسووڕانی سازمان به‌ جۆرێك ئه‌ندام و پێشمه‌رگه‌كانی بۆ ماوه‌ی چه‌ند ساڵ به‌ مه‌ترسیه‌كی زۆر و له‌و په‌ڕی نه‌داری دا كارو باره‌كانی خۆیان راده‌په‌ڕاند.

له‌ كۆتایی ده‌یه‌ی ٧٠ی هه‌تاوی دا، فشاره‌كانی رژیم بۆ سه‌ر سازمانی خه‌بات به‌ ئه‌ندازه‌یێك زیادی كرد كه‌ به‌ ناچار بنكه‌ و باره‌گاكانی له‌ ناوچه‌ی سلێمانی به‌ره‌و هه‌ولێر گواسته‌وه‌. له‌ دوای جێگیربوونی له‌ هه‌ولێر سازمان ده‌ستی كرد به‌ خۆ رێخستنه‌وه‌ی نێوخۆیی و سازماندانه‌وه‌ی هه‌موو به‌شه‌كانی كه‌ له‌ ئاكامدا توانی له‌ ساڵی ١٣٨٤ كۆنگره‌ی سێهه‌می خۆی له‌ كه‌شێكی ئارامدا ببه‌ستێ.

سێهه‌م: به‌ خوێندنەوەی دروست بۆ وه‌زعی ناوچه‌ و جیهان و ئێران و كوردستان و ئه‌و ئاڵووگۆرانه‌ی له‌ دوای رووخانی رژیمی دیكتاتۆری به‌عس هاتنه‌ ئاراوه‌، سازمانی خه‌بات توانی له‌ دوای ١٧ ساڵ كۆنگره‌ی سێهه‌می خۆی بگرێ. ئه‌و كۆنگره‌ سه‌ره‌تا و نوقته‌ گۆرانێك بوو له‌ سازمانی خه‌باتدا، به‌ له‌ به‌رچاوگرتنی كاڵ بوونه‌وه‌ی مه‌سه‌لەی‌ ئایدۆلۆژی و به‌رزبوونه‌وه‌ی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی له‌ نێو خه‌ڵك دا سازمانی خه‌باتیش توانی ئاڵووگۆڕ له‌ به‌رنامه‌ و ئامانجه‌كانی دا پێك بێنێ و نوێكاری له‌ ئورگان و به‌شكانی دا بكات و به‌ رۆحێكی نوێوه‌ بۆ پێشه‌وه‌ هه‌نگاو بنێ. له‌ ماوه‌ی ئه‌و چوارساڵه‌دا توانی له‌ رێگه‌ی ئه‌ندامانی ئوروپاوه‌ چه‌ندین كۆمیته‌ی رێكخستن پێك بێنێ و كاری سیاسی و ته‌شكیلاتی له‌ ئوروپا و  ئه‌مریكا ده‌ست پێ بكات. سازمان هاوكات توانی گرینگی زیاتر بە شانە نهێنیەكانی ناخۆی كوردستان بدات و كار بۆ پەرەپێدانیان بكات.

ئەم رەوتە بەردەوام بوو هەتا لە كۆنگرەی شەشەمدا سازمانی خەبات بریاری لەسەر دروست كردنی چەند ئورگانی گرینگی وەك دەفتەری سیاسی و ئورگانی راوێژكاران و زیادكردنی رێژەی ژنان لە سەركردایەتی و كاریگەریان لە بریاری سیاسی لە سازمانی خەبات دا بوونە بەشێكی دیكە لە هەنگاوە تەشكیلاتیە پێویستەكانی سازمان لە ئێستادا.

 لە پێوەند بە هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ هێزە سیاسیەكانی كوردستانی ئێران لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا لەگەڵ هەندێك حیزبی سەرەكی دیكەی كوردستان ژمارەیەك كاری هاوبەش كراوە و لە ئێستاشدا ناوەندێك لەلایەن سازمانی خەبات و چوار لایەنی دیكەوە پێكهاتووەو ئەوەش ئەگەری پێكهێنانی بەرەی كوردستانی لە هەر كاتێكی دیكە زیاتر كردووە. له‌ پێوه‌ند به‌ ئه‌حزابی ئێرانی جیاواز له‌ سازمانی موجاهیدین كه‌ په‌یوه‌ندی و دۆستایه‌تیێكی كۆنه‌ و ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ ده‌یه‌ی ٧٠ی هه‌تاوی، سازمانی خەبات توانیویه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌حزابی نه‌ته‌وه‌ بندەستەكانی دیكەی ئێران، وه‌ك به‌لووچ و عه‌ره‌ب پێوەندی هەبێ.

سازمانی خه‌بات ئه‌و هێزهیە كە‌ به‌ پێی قۆناغ و هه‌ل و مه‌رجه‌كان به‌ هه‌ست كردن به‌ مه‌سئولیه‌ته‌وه‌ له‌ حاست نه‌ته‌وه‌ی كورد و بزوتنه‌وه‌ و داوا ره‌واكانی هه‌ڵسووكه‌وتی كردوه‌.

ئه‌مساڵ یادی ٥ی خه‌رمانان له‌ هه‌ل و مه‌رجێكدا ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ له ناوچه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌راستدا ئاڵووگۆرەكان خێران و گەرانەوەی چالاكانەی ئەمریكا بۆ ناوچەكەو ئەگەری یەكلایی كردنەوەی دۆخی سوریه‌ كه‌ هاوپه‌یمانێكی ستراتیژی رژیمی ئێرانه‌، زۆرە.

لە ناوچەكەدا هاوپەیمانی نوێ لەلایەن ژمارەیەك وەڵاتی عەرەبی ئیسلامی دژ بە رژیمی ئێران دروست بووە كە ئامانجی لێدانی پێگەی ئەو رژیمەیە لەو وەڵاتانە و خۆرهەلاتی ناوەراست بەتایبەتی و ئەمریكاش پشتیوانی لە هەنگاوەكانی ئەو هاوپەیمانیە دەكات.

هاوكات ئەمریكا لە مانگی بانەمەڕدا لە رێكەوتنی بەرجام چووەدەر و گەمارۆكانی جارێكی دیكە لە سەر رژیم كارا كردووەتەوە، كە ئەو هەنگاوەی ئەمریكا كاریگەری راستەخۆی دەبووە لەسەر ئابووری ئێران و بەتایبەت دراوی ئێران لە ئێستادا دابەزینێكی بێ وێنە بووە و بریار وایە لە مانگی خەزەڵوەردا قۆناغی دووهەمی گەمارۆكان لەسەر رژیم جێبەجێ دەكرێ.

 به‌هۆی به‌رنامه‌ و سیاسه‌ته‌كانی رژیمی ئێرانەوە خەڵكی ئێران و كوردستان تووشی نەهامەتی و دەرد و ئازاری زۆرتر دەبن بە جۆرێك  بێكاری، هه‌ژاری و گرانی به‌ ته‌واوی ته‌نگی به‌ خه‌ڵك هه‌ڵچنیوه‌، ئەوەش وای كردووە جەماوەر لە شارەكانی ئێران بەتەواوی بێزار بن و بۆ دەربرینی نارەزایەتی خۆیان لەو دۆخەی تووشی هاتوون برژێنە شەقامەكان و دروشم دژ بە بەرێوەبەرانی دەسەڵاتی دیكتاتۆر و گەندەڵی ئاخوندی بدەن و داوای رووخانی ئەو دەسەڵاتە بكەن.

سه‌رانی  رژیم بەهۆی ئەوەی بێ توانان لە چارەسەری دۆخی خەڵك و قەیرانەكان لە هەموو كات زیاتر هەست بە مەترسی رووخان لەسەر خۆیان دەكەن و ‌ باش هه‌ستیان به‌وه‌ كردوه‌ لە ئاگری رقی جەماوەر قوتاریان نابێ. بۆیە بە تەواوی خەریكی خۆتەیار كردنن بە هێزی زیاتری سەركوت و پۆشتەكردنی هێزەكانیان بۆ ئەوەی بە خەیاڵی خۆیان بتوانن چەند رۆژێك زیاتر درێژە بە تەمەنی شووم و نگریسیان بدەن.

لەم دۆخەدا كە جەماوەری ئێران بەتەواوی بێزارە و لە راپەریندایە ده‌بێ ئێمه‌ی كورد ئاماده‌تر بین و به‌ ده‌رس وه‌رگرتن له‌ رابردوو له‌ پێناو مافه‌كانمان هه‌نگاو بنێین و بەرپرس و كادر و پێشمه‌رگه‌و ئه‌ندامانی سازمانی خه‌باتی كوردستانی ئێران هه‌ر وه‌ك چۆن له‌ رابردوودا چاونه‌ترسانە و قاره‌مانانه‌ تێكۆشاون، ئێستاش كه‌ رژیمی ئێران له‌ رووخان و له‌ناوچوون زیاتر هیچ رێگه‌یێكی نه‌ماوه‌، بێ ده‌سته‌وه‌ستان و به‌ ووریاییه‌وه‌ له‌ پێناو ئامانجه‌ به‌رزه‌كانی سازمانه‌كه‌مان كه‌ رزگاری كورد و كوردستانه‌ هه‌نگاو بنێن.

سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران پێویستە كاراتر و چالاكانەتر لە مەیداندا بێ و هەر وەك چۆن هەر جۆرە فكرە و بیرێكی دەست و پێگیری لە خۆی داماڵی دەبێ ئاواش ئەو گرێ و گۆلانەی سازدەكرێن بكاتەوە و ریزەكانی بۆ هەنگاوەكانی دوایی ئامادەتر بكات.

سازمانی خەبات بەو مێژووەی كە بە هەوڵ و هیمەتی پێشمەرگە قارەمانەكان و رێنوێنی سەركردایەتیە حەكیمەكەی تۆمار كراوە، و بەو پێگە و ئێعتبارە سیاسیەی هەیتی داهاتوویەكی روون و پرشنگداری هەیە و دەتوانێ‌ دەوری گرینگ و كاریگەری خۆی لە هەر ئاڵگورێكی چاوەروان كراودا ببینێ‌.
ڕێکه‌و 2018-08-24 07:40:12
به‌شی ( سیاسی )